وەزارەتی نەوت: بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت پرسیاری بۆریمان لە تورکیا کردووە

2025-02-24  64 جار خوێنراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە قۆناخی یەکەمدا 185 هەزار بەرمیل وەردەگرن و دواتر قۆناخ بە قۆناخ دەیگەیێننە 400 هەزار بەرمیل.
 
باسم محەممەد خوزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان رایگەیاند، دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، وەزارەتەکەی لە قۆناخی یەکەمدا رۆژانە نزیکەی 185 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، "بڕی نەوتەکە قۆناخ بە قۆناخ دەگاتە 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا."
 
خوزەیر، بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، "راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا کێشەی بۆ کێڵگە نەوتییەکان دروستکرد و پێویستی بە ماوەیەکە بۆ نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی توانای بەرهەمهێنانی، بە ئامانجی گەیشتن بە هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە کەمترین بڕی دیاریکراوە لە بودجەدا."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "بڕی بەردەست بۆ هەناردەکردن لە هەرێمی کوردستان ئێستا 300 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەشێکی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە، 185 هەزار بەرمیلی بۆ هەناردەکردن تەرخان دەکرێت."
 
ئاماژەی بەوەشدا، "لە ماوەی رابردوودا شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی رێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت. هەرێمی کوردستان ئاگاداری کردووینەتەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن."
 
وتیشی: تیمە تەکنیکییەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پشکنینی بۆڕییەکانی هەناردەی نەوت دەکەن و دڵنیا دەبنەوە لە دۆخ و ئامادەییان بۆ دەستپێکردنەوەی پاڵنانی نەوت لە رێگەیانەوە.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەزارەتی نەوت داوای لە لایەنی تورکی کردووە بۆ پرسیارکردن لە ئامادەیی بۆریی تەرخانکراو بۆ هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە و چاوەڕێی وەڵام دەکەین لە 24 کاژێری داهاتوودا".
 
ئەوەشی خستەڕوو، "وەزارەتی نەوت پابەندە بە بەردەوامیی پرۆسەکانی هەناردەکردن لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، وەک بەشێک لە دیدێکی ستراتیژی بۆ پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا و پەیوەندیی بەردەوامیش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لایەنی تورکی هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی هاوکاری و هەناردەکردن."
 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بەپێی بڕی بەردەست."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە