دیالۆگی نیشتمانیی سووریا دەستپێدەکات
2025-02-24
156 جار خوێنراوەتەوە
بڕیارە دیالۆگی نیشتمانیی سووریا ئەمڕۆ دووشەممە دەستپێبکات و دوو رۆژ بخایەنێت. لیژنەی ئامادەکار دەڵێت: "سەرنج دەخرێتە سەر دەستوور و چاکسازی."
هیند کەبەوات، یەکێک لە رێکخەرانی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت: "کۆنفڕانسەکە دوانیوەڕۆی دووشەممە دەستپێدەکات و تاوەکو سێشەممە بەردەوام دەبێت."
لیژنەی ئامادەکاریی دیالۆگەکە لە حەوت کەس پێکهاتوون، دووانیان ژنن.
یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو کۆنگرەیە بۆ کۆکردنەوەی نوێنەری هەموو سووریاییەکان و بۆ وەرگرتنی راوێژە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وڵاتەکە.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان رووخاند. سەرەتای مانگی شوباتی ئەم ساڵ حکومەتی نوێی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر پێکهێنرا. ئەحمەد شەرع بە سەرۆکی کاتیی وڵاتەکە دەستنیشانکرا.
لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی، دوو ئەندامی لیژنەکە رایانگەیاند، لە چەندین پارێزگەی سووریا کۆبوونەوەیان لەگەڵ چوار هەزار کەس کردووە کە بەشداری لە دیالۆگی نیشتمانیی ئەو وڵاتە دەکەن.
ئەندامانی لیژنەکە رایانگەیاند: "کۆنفڕانسەکە سەرنج دەخاتە سەر دادپەروەری لە قۆناخی راگوزەر، دەستوور، چاکسازیی ئابووری و دامەزراوەیی، یەکپارچەیی خاکی سووریا، هەروەها ئازادییەکانی تاک، گشتی و سیاسی."
لیژنەکە رایانگەیاند، لە کۆتایی کۆنفڕانسەکە پێشنیازی خەڵک وەردەگیرێت، "کە دەبنە بنەما بۆ نووسینەوەی دەستوور، ناسنامەی ئابووریی وڵات و پلانی چاکاسیی دامەزراوەکان."
ئەو لیژنەیە کە لێدوانەکانیان لە میدیای فەرمیی سووریاوە بڵاوکرانەوە گوتیان: "کۆنفڕانسەکە قۆناخی کۆتایی پرۆسەیەکی درێژی نیشتمانییە کە پێویستی بە کاری پێکەوەیی بەردەوامە، بۆ ئەوەی شووناسێکی نوێی نیشتمانی بۆ سووریا بنیاتبنرێت کە ئاشتی بپارێزێت و رێز لە خواستەکانی گەلی سووریا بگرێت."
حکومەتێکی نوێی کاتی ئەرکی ئەوەی پێسپێردراوە تاوەکو 1ـی ئادار کاروباری وڵاتەکە هەڵسووڕێنێت.
|