وەزارەتی نەوتی عێراق: ڕێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم تەواوبو

2025-02-22  114 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رێکارەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جیهان-ی توركیاوە، بەگوێرەی ئەو میکانیزمانەی لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە تەواو بو، دەشڵێت، "داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەكەین بڕی نەوتی بەرهەمهێندراوی نەوت لە کێڵگەکان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت بکات".

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ڕێكاره‌كانی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركییه‌وه‌ ته‌واو كراون. هەروەها دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بەپێی ئەو میکانیزمانە دەبێت لە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە، لەگەڵ ئاستی دیاریكراوی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ ڕێكخراوی ئۆپێك.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارتی نەوت، داوا لە هەرێمی کوردستان دەکات بڕی بەرهەمهێندراوی نەوت لە کێڵگەکان رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بکات بەمەبەستی دەستپێكردن بە هەناردەی نەوت لەرێگەی بۆریی عێراق- توركیا و بەندەری جەیهانەوە، بەگوێرەی ئەو گرێبەستی ئیمزاكراو لەگەڵ كۆمپانیاكان.

ئەوە لەكاتێكدایە بەهۆی سكاڵای حكومەتی عێراقەوە، مانگی (ئازار/3)ی 2023وە  توركیا ناچار بو هەناردەی نەوتی كوردستان بە بۆریی رابگرێت، لەماوەی نزیكەی دو ساڵی رابردودا كە هەناردەی نەوت راوەستا و ئێستا جارێكی دیكە لەڕێگەی عێراقەوە هەناردەی نەوتی هەرێم دەسپێكدەكاتەوە و لەبەرامبەردا دەبێت حكومەتی فیدراڵ پشكی هەرێم بەتەواوەتی لە بودجە بنێریت. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە