كاروانێكی دیكەی سەربازیی هاوپەیمانان گەیشتە ڕۆژئاوای کوردستان
2025-02-22
130 جار خوێنراوەتەوە
٧ڕۆژ
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، كاروانێكی دیكە سەربازیی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیشتە حەسەکەی ڕۆژئاوای كوردستان كە پێکهاتوون لە ٣٦ بارهەڵگر لە سندوقی داخراو، ساردکەرەوە، چەک و تەقەمەنی، سندوقی بەندکردن، تانکی سووتەمەنی و زرێپۆش.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، کاروانێکی سەربازیی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی گەیشتنە بنکەی قەسرەک لە ناوچەی وەزیری لادێكانی حەسەکەی ڕۆژئاوای كوردستان.
ئاماژەی بەوەش كرد، كاروانەكەی هاوپەیمانان لە هەرێمی كوردستانەوە چوونەتە خاكی سووریاوە و پێکهاتوون لە ٣٦ بارهەڵگر کە سندوقی داخراو، ساردکەرەوە، چەک و تەقەمەنی، سندوقی بەندکردن، تانکی سووتەمەنی و زرێپۆش کە لە دەروازەی ئەلوەلیدی سنووری، هاوکارییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە بنکە سەربازییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەكە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەردەوامی بەهێزکردنی بنکە و پێگە سەربازییەكانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دێت، کە بوونی سەربازیی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر دەکات.
|