ئەمریكا فشار لە عێراق دەكات بۆ دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم
2025-02-21
146 جار خوێنراوەتەوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فشارەكانی بۆ سەر عێراق دەسپێكردوە بەمەبەستی ڕێگدان بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، بەپێچەوانە ڕوبەڕوی سزاکان دەبێتەوە هاوشانی ئێران، دەشڵێت، "دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران".
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ هەینی لە زاری هەشت سەرچاوەی ئاگاداری ڕاستەوخۆ لە بەغدا، واشنتن و هەولێرەوە كە بەهۆی هەستیاری بابەتەکەوە ئامادەنەبون ناویان ئاشکرا بکرێت بڵاویكردەوە، "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فشاری بۆ سەر عێراق دەسپێكردوە بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هۆشداری داوەتە بەغدا لە ئەگەری ڕێگریدا ڕوبەڕوی سزاكانی هاوشێوەی ئێران دەبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانی نیمچە سەربەخۆی عێراقەوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترەمپ دژی تاران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ سفر کەم بکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز باسی لەوەشكردوە، زیادبونی فشارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بزوێنەرێکی سەرەکییە لە پشت ڕاگەیەندراوەكەی ڕۆژی دوشەممەی ڕابردوی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە، كە وتی، "هەفتەی داهاتو هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دەستپێدەكاتەوە".
ئەوەشی خستەڕو، ترامپ دەیەوێت محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییە ئابوری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی ڕۆیتەز، لەگەڵ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ساڵی 2023ەوە، قاچاغچێتی نەوتی هەرێم بۆ ئێران لە ڕێگەی بارهەڵگرەوە پەرەی سەندوە. لە کۆی هەشت سەرچاوەکە شەشیان دەڵێن، "ئەمریکا داوا لە بەغدا دەکات کە ئەو لێشاوە سنوردار بکات".
بەرپرسێکی نەوتی عێراقی کە ئاگاداری قاچاغچێتی نەوتی هەرێمە بۆ ئێران دەڵێت، "واشنتن فشار دەخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی كوردستان بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی تورکیاوە نەک بە هەرزان بە ئێران بفرۆشرێت".
|