کۆڕەک تیلیکۆم: ملیۆنان بەشداربوومان بەشێوەیەکی ناڕەوا ئینتەرنێتیان لێ بڕاوە
2025-02-20
176 جار خوێنراوەتەوە
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم "راگەیێندراوێکی بەپەلە"ـی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێ ملیۆنان بەشداربوویان بەشێوەیەکی ناڕەوا لەلایەن دەستەی پەیوەندییەکان و راگەیاندن و وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراقەوە بە رێنمایی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، خزمەتگوزارییان راگیراوە.
لە راگەیێندراوەکەی دا کۆڕەک دەڵێ، "ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان مافێکی بنەڕەتیی هەموو تاکێکە و بێبەشکردنی عێراقییەکان بەم شێوەیە، پێشێلکارییەکی ئاشکرایە و ناکرێت بێدەنگی لێبکرێت."
داوا لە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، دەستوەردانی خێرا بکەن بۆ "راگرتنی ئەو رێکارە ناڕەوایانە کە هەڕەشە لە داهاتووی پەیوەندییەکان لە عێراق دەکەن."
ڕۆژی سێشەممە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی."
کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت: "ئەوە پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا و گرێبەستی مۆڵەتە لە هێشتا بەپێی ماوەی قەرەبووکردنەوە، کە دەستەی ئەمینداران لە ساڵی 2020 پەسندی کردووە و ئەنجوومەنی وەزیرانیش بڕیاری لەسەر داوە."
کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، "سەرەڕای ئەوەی لە کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش زۆرترین زیانی بەرکەوت، بەڵام دەستەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی عێراق لە ناکاو بڕیاری بڕینی خزمەتگوزارییەکەی دا و دواتر وەزارەتی پەیوەندییەکان و زیانەکانی زیاتر کرد و بێ رەچاوکردنی مافی هاووڵاتییان بە تەواوی تۆڕەکەی پچڕاند."
چوارشەممە وەزارەتی گەیاندنی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وەزارەتەکە هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی یان دارایی سەبارەت بە کۆمپانیاکانی مۆبایل و تەنیا ئەو رێکارە تەکنیکییانە جێبەجێ دەکات، کە بە بڕیاری فەرمی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە دەردەچێت و تایبەتە بە راگرتنی خزمەتگوزارییەکان.
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە روونکردنەوەیەکدا باس لەوە دەکات: لە ماوەی رابردوودا کۆمپانیاکەیان رووبەڕووی "هەڵمەتێکی چەواشەکارانە"ی میدیایی بووەتەوە و بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە باجی نەداوە. "بەڵام ئێمە لەسەر بنەمای رێککەوتن لەگەڵ لیژنەی پەرلەمانی پەیوەندیدار پابەند بووین بە یاسا و رازی بووین بە چارەسەرێک دارایی کە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە."
کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، بڕیارەکەی دەستەی پەیوەندی و راگەیاندن نە "گوشاری سیاسی" ناودەبات و دەڵێت: "ئامانج لێی دوورخستنەوەی کۆمپانیاکەمانە بە قازانجی لایەنێکی دیکە."
کۆمپانیاکە پێیوایە بڕیاری دەستەکە کاریگەری لەسەر هەموو وەبەرهێنەرێک دەبێت لە عێراق، "چونکە دەریدەخات هەر کەسێک بیەوێت لە عێراق وەبەرهێنان بکات، دەبێت بزانێت کە وەبەرهێنانەکەی لە وڵاتێکدا دەبێت کە هێز و بەرژەوەندیی کەسی، جێی یاسا و دادپەروەری گرتووەتەوە."
|