ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەزوترین كات هەناردەی نەوت دەستپێبكاتەوە
2025-02-19
131 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ مافە ڕەواكانی جوتیارانی كورد لە كەركوك دوپاتكردەوە و لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە داوایكرد، بە زوترینكات هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران باسی لە ڕوداوی دەستدرێژیكردن و ڕێگریكردن لە جوتیارانی ڕەسەنی كورد لە سنوری شارەدێی سەرگەڕان لە پارێزگەی كەركوك لە چەند ڕۆژی ڕابردودا كرد و ئاماژەی بەوەدا، "ئەم ڕەفتارە، كارێكی نادەستوریی و نایاساییە و قبوڵكراو نییە، ئێمە دژی هەمو جۆرە ستەمكارییەكین بەرامبەر جوتیاران كە خاوەنی ڕەسەنی زەوییەكانیانن و دەبێت ئازادانە مافی كێڵان و سود وەرگرتنیان لە موڵكی خۆیان و باوباپیرانیان هەبێت".
سەرۆك وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانیی بۆ مافە ڕەواكانی جوتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەویانە دوپاتكردەوە و جەختیشكرایەوە كە پێویستە لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2025 كە ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ڕژێمی بەعس و گەڕانەوەی زەوی بۆ جوتیارانی خاوەنی ڕەسەنی ئەو زەوییانە پەسەندی كرد، ئیتر كۆتایی بە هەمو بەربەست و ئاستەنگێك بهێنرێت تا جوتیاران سود لە زەوییەكانیان وەربگرن كە یاسا بۆی گەڕاندونەتەوە.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوە، سەرۆك وەزیران پوختەیەكی دەربارەی بەشداریی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆك وەزیران لە لوتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی لە ڕۆژانی 11-13ی ئەم مانگە و دیدار و كۆبونەوەكان و نوێكردنەوەی یادداشتی لەیەكتێگەیشتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ئیمارات بۆ هاریكاری و هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردو حكومەت لە كەرتە جیاوازەكان بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیكە پێشكەش كرد.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بە پێی تایبەتمەندیی خۆیان، كاری پێویست ئەنجام بدەن بۆ بەدواداچونی جێبەجێكردنی ئەم یادداشتی لەیەكتێگەیشتنە كە بە ئاراستەی سود وەرگرتن لە ئەزمونی دەوڵەمەند و پێشكەوتوی دامەزراوەكانی ئیمارات لە سێكتەرە جیاجیاكانی حكومەتی هەرێم.
لە بڕگەی دوەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ تایبەت بە ڕێكخستنی ڕێكارەكانی كوالێتی كۆنتڕۆڵ و پۆلینكردنی بەڵێندەران لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەرێم خرایەڕو كە بۆ ئەم مەبەستە میوانداریی كرابون و لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێكدا، پێشڤەچون و بەربەستەكانیان ڕونكردەوە.
ئەنجومەنی وەزیران لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، جەختیكردەوە لەسەر بایەخی هاوئاهەنگیی و هاریكاریی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ لە پێناوی چارەسەركردنی كێشەكانی پەیوەندیدار بە پێوانەسازیی و كۆنتڕۆڵی جۆریی، ئەویش لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییە دەستوریەكانی هەردولا، بە جۆرێك بەڵگەنامەكانی پشكنین و كۆنتڕۆڵی جۆریی كەرەستە و كەلوپەلەكان لای هەردولا، وەك یەك بەركاربن و پشتیان پێ ببەسترێت و برەو بە پەیوەندی بەردەوام و هاوئاهەنگیی لە نێوان دەستەی پێوانەسازیی و كۆنتڕۆڵی جۆریی هەرێم و فیدڕاڵ بدرێت لە پێناوی گۆڕینەوەی زانیاریی و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەش بۆ دڵنیابونەوە لە ڕاست و دروستی بەڵگەنامە و بڕوانامەكانی پشكنینی هەردولا بۆ بەرهەمەكانی هاوردە و بەرهەمی ناوخۆیی هەرێم و عێراق، بە ئاراستەی نەهێشتنی ئاستەنگەكانی گەیاندنی بەرهەم و كاڵاكانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق، ئەمەش دوای پشكنین و دڵنیابونەوە لە سەلامەتی و دروستیان.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەختیشیكردەوە لەسەر سودمەندبونی هەرێم لە بەرهەمی ناوخۆیی ناوچەكانی دیكەی عێراق بە هەمان مامەڵە و ڕێكاری هاوشێوە، بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجومەنی وەزیران لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەكانی پلاندانان و بازرگانی و پیشەسازیی و ناوخۆی ڕاسپارد، كە بەردەوام بن لە پەیوەندی و كۆبونەوەكانیان لەگەڵ لیژنەی هاوتایان لە حكومەتی فیدڕاڵ و بەگەڕخستنی گشت هەوڵەكان بۆ گەیشتن بە چارەسەر و میكانیزمی هاوبەش.
لە بڕگەی كۆتاییدا، ئەنجامی كۆبونەوەی دوێنێی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ خرایەڕو كە لە هەولێر سازكرا و تایبەت بو بە ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2025 تایبەت بە هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ دەربارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، ئەم بڕگەیە لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت خرایەڕو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دوپاتكردنەوەی هەڵوێستی خۆی بۆ پێشوازیی و پشتیوانی لە جێبەجێكردنی یاسای هەمواری یەكەمی ماددەی 12 لە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ، جەختیكردەوە كە هەرێم داوا دەكات هەرچی زوە، هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە و ئەمەش، لە بەرژەوەندی هەمو لایەنەكانە، چونكە بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوت لە مانگی (ئادار/3)ی ساڵی 2023 ەوە، چەندین ملیار دۆلار زیان بە داهاتی گشتی عێراق گەیشتوە.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی ڕاسپارد، كە هەرچی زوە لەسەر ڕێكار و میكانیزمەكانی دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ لە هاریكاریی و هاوئاهەنگیی بەردەوام بن، بە تایبەتیش كە ئێستا یاساكە كەوتوەتە بواری جێبەجێكردن و ڕێگریی یاسایی لەبەردەم پرۆسەكە نەماوە و یاساكە نەخشەڕێگەی بابەتەكەی بە ڕونی دەستنیشان كردوە.
|