ترەمپ بە زیلینسکی دەڵێت دیکتاتۆر
2025-02-19
108 جار خوێنراوەتەوە
سەرۆکی ئەمریکا بە سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت "دیکتاتۆرێکە بەبێ هەڵبژاردن هاتووە." دەشڵێت، "ئەگەر ئەو بە خێرایی نەجووڵێتەوە، هیچ وڵاتێکی بەدەستەوە نامێنێتەوە." وەزیری دەرەوەی ئۆکرایناش دەڵێت، بەرگریی لە مانەوەی خۆیان دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند "بیری لێبکەنەوە، کۆمیدیانێکی سەرکەوتووی وەکو ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، ئەمریکای رازی کرد بۆ ئەوەی 350 ملیار دۆلاری بۆ دابین بکات، بۆ ئەوەی بچێتە نێو جەنگێک کە ناتوانێت بیباتەوە و پێویستیشی نەدەکرد جەنگەکە دەستپێبکات. لەکاتێکدا جەنگێکە کە بەبێ ئەمریکا و ترەمپ، ناتوانێت چارەسەر و هێوری بکاتەوە."
ترەمپ نووسی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 200 ملیار دۆلاری لە ئەورووپا زیاتر خەرج کردووە، لەکاتێکدا پارەی ئەورووپا گەرەنتییە و ئەمریکاش هیچ وەرناگرێتەوە. ئەم جەنگە بۆ ئەورووپا گرنگترە وەکو لەوەی بۆ ئەمریکا گرنگ بێت، ئێمە زەریایەکی جوان و گەورەمان هەیە، کە جیامان دەکاتەوە."
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دانی بەوەدا ناوە "نیوەی ئەو پارەیەی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا خەرجی کردووە، دیار نییە. زیلینسکی رەتیدەکاتەوە هەڵبژاردن بکات و لە راپرسییەکاندا خاڵی زۆر کەمە. تاکە شت ئەو لێی باشبووبێت بریتیبووە لە یاریکردن بە بایدن و سوودوەرگرتن لێی."
سەرۆکی ئەمریکا بە زیلینسکیی وت "ئەو دیکتاتۆرێکە کە بەبێ هەڵبژاردن هاتووە. باشترە خێرا بکات، ئەگەرنا هیچ وڵاتێکی بۆ نامێنێتەوە."
ترەمپ رایگەیاند، ئەوان "سەرکەوتووانە" خەریکن دانوستاندن لەگەڵ رووسیا بۆ کۆتاییهێنانی جەنگەکە دەکەن و گوتی: "هەمووان دان بەوەدا دەنێن تەنیا ترەمپ و ئیدارەکەی ئەوەیان پێدەکرێت."
ترەمپ رەخنەی لە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا گرت و گوتی، "بایدن هەرگیز هەوڵی نەدا و ئەورووپاش لە بەدیهێنانی ئاشتی شکستی هێنا."
لە کۆتایی پۆستەکەیدا ، ترەمپ نووسی، "من ئۆکراینام خۆشدەوێت، بەڵام زیلینسکی کارێکی زۆر خراپی کردووە، وڵاتەکەی وێران بووە و ملیۆنان کەسیش بەبێ هۆکار کوژراون، هێشتا بەردەوامیشە."
ئاندری سیبیها، وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا دوای قسەکانی ترەمپ رایگەیاند "بەرگریی لە مانەوەی خۆمان دەکەین."
رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا بە رۆژنامەوانانی وت، "زۆر نائومێد بووم؛ گوێم لێبووە ئەوان (ئۆکراینا) نیگەرانن لەوەی نوێنەرێکیان لە کۆبوونەوەکە بەشداری نەکردووە."
گوتەکانی ترەمپ دوای کاردانەوەی ئۆکراینا هات لەبارەی کۆبوونەوەکەی رۆژی سێشەممەی تیمی دانوستاندکاری ئەمریکا و رووسیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراینا لە ریازی سعودیە، کە بە بێ بەشداریی نوێنەرانی ئۆکراینا و وڵاتانی ئەورووپا بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە زیلینسکی رەخنەی لە گفتوگۆکان گرت و رایگەیاند، دەبێت نوێنەرانی ئەورووپا و ئۆکراینا لە گفتوگۆکان بەشداری بکەن و ترەمپیش لەوبارەیەوە وتی، "ئەمڕۆ گوێبیستی بووم. باشە، ئێوە سێ ساڵە لەوێن... نەدەبووایە هەرگیز دەستتان پێبکردبا، دەتانتووانی رێکبکەون."
|