شاندی ئیمڕاڵی ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ی ئۆجه‌لان-یان گەیانده‌ مه‌سعود بارزانی

2025-02-16  121 جار خوێنراوەتەوە

شاندی ئیمڕاڵی له‌ یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌یاندا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی، كۆبوه‌وه‌ و ناوه‌ڕۆكی په‌یامه‌كه‌ی ئۆجه‌لان پێگه‌یاند، كه‌ له‌باره‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا خستویه‌تیه‌ڕو، بارزانیش ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.

باره‌گای بارزانی وێنه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و باسی له‌وه‌كردوه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ مه‌سعود بارزانی پێشوازی لە شاندی ئیمڕاڵی كردوه‌ بە سەرۆكایەتیی خاتو پەروین بوڵدان و سری سورەیا ئوندەر، "لە دیدارەكەدا شاندی میوان بیروبۆچونی خۆیان لەمەڕ بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕو".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "هەروەها شاندی ئیمڕاڵی لەو دیدارەدا ناوەڕۆكی پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان یشیان بە مه‌سعود بارزانی گەیاند".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، هەر لەو دیدارەدا بارزانی جەختی لە بایەخی پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە و بە پێویستیشی زانی كە هەمو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام، ئامادەیی تەواوی خۆشی بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و سەرگرتنی ڕاگەیاند.

ئێواره‌ی دوێنێ شاندی ئیمڕاڵی له‌ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و دواتریش له‌ سلێمانی له‌گه‌ڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتی و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بێته‌وه‌.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە