پشکنینی ڤایرۆسەکان بۆ کەسانی بیانی دەدرێت بە کۆمپانیای تایبەت

2025-02-16  139 جار خوێنراوەتەوە

بڕیارە لەمەودوا پشکنینە ڤایرۆسییەکان بۆ کەسانی بیانی لە تاقیگەی ناوەندییەوە بگوازرێنەوە بۆ نشینگەی هەولێر، کارمەندێکی تاقیگەی ناوەندیی هەولێریش دەڵێت، دەستکراوە بە کارکردن بە بڕیارەکە و لەلایەن کۆمپانیایەکی تایبەتەوە دەبێت.
 
کارمەندێکی تاقیگەی ناوەندیی هەولێر بۆ پشکنینە پزیشکییەکان بە میدیای پارتی راگەیاند، بڕیارەکە بەجۆرێکە کە پشکنینی ڤایرۆسەکانی جگەر و ئەیدز کە لە تاقیگەی ناوەندیی هەولێر دەکران، لەمەودوا لە بەڕێوەبەرایەتیی نشینگەی هەولێر دەکرێن و ناگەڕێنەوە بۆ تاقیگەی ناوەندی.
 
ئەو کارمەندەی هۆبەی پشکنینی ڤایرۆسەکان روونی دەکاتەوە، ئێستا کار دەکرێت بۆ کردنەوەی تاقیگە لە نشینگەی هەولێر و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێتەوە، بەمەش هەر بیانییەک لەوێوە پشکنینی بۆ دەکرێت و ئەنجامەکانی دەدرێتەوە، ئەوەشی ئاشکراکرد کە خزمەتگوزارییەکانی دراون بە کۆمپانیایەکی تایبەت.
 
مازن فریا، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی و بەڕێوەبەری پێشووی تاقیگە تایبەتییە پزیشکییەکانی سلێمانی رایگەیاندووە، هەموو پشکنینێکی ڤایرۆسی کە بۆ بیانییەکان بکرێت، پێویستە لە ژێر سەرپەرشتیی حکومەتدا بێت.
 
لەبارەی سلێمانیشەوە وتی کە سێ ساڵە ئەو بڕیارە لەوێ هەیە کە نابێت تاقیگە تایبەتییەکان و کەرتی تایبەت پشکنینی ڤایرۆسەکان بۆ کەسانی بیانی بکەن و دەبێت هەموو لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی حکومەتەوە بێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە