فڕۆكه‌كانی توركیا به‌ چڕی بۆردومانی سنوری گەڵاڵە ده‌كه‌ن

2025-02-06  52 جار خوێنراوەتەوە

٧ڕۆژ

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ فڕۆکەكانی تورکیا بۆدومانی دۆڵی ژاژۆڵان و کوێرەکانی و کێوی کوریس لە سنوری گوندی گەڵاڵە لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی كرد و گیانلەدەستدان و برینداری لێکەوتوەتەوە، ئه‌ندامێكی رێكخراوی (CPT)یش ده‌ڵێت، "تائێستا گوندنشینان نەیانتوانیوە بچنە شوێنی ڕوداوەکە و دڵنیاببنەوە لە سەلامەتی گیانی دانیشتوانی ناوچەکە".

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ هێرشه‌كه‌ به‌ ٧ڕۆژی ڕاگه‌یاند، "كاتژمێر 10:47 خولەكی پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە فڕۆكەی توركیا بۆدومانی دۆڵی ژاژۆڵان و کوێرەکانی و کێوی کوریس لەسنوری گوندی گەلالە لە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی بۆردومانكرد و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە و برینداربون کە پێدەچێت گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بن".

به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، سێ شوێن بە فڕۆکەی جەنگی کراونەتە ئامانج، بەڵام بەهۆی مەترسی دوبارەبونەوەی هێرشەكە و بارینی بەفرێكی زۆر، كەس ناتوانێت بچێتە شوێنی بۆردومانەكان.

لایخۆیەوە کامەران عوسمان، ئه‌ندامی تیمی كوردستانی عێراقی CPT له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌، "سوپای تورکیا بە چڕی بۆردومانی دەوروبەری گوندی گەڵاڵەی سەر بە قەزای ماوەت کردوه‌ و بەهۆی بەفربارین و سەختی ڕێگاکە، تاوەکو ئێستا گوندنشینان نەیانتوانیوە بچنە شوێنی ڕوداوەکە و دڵنیاببنەوە لە سەلامەتی گیانی دانیشتوانی ناوچەکە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە