ترەمپ: غەززە رادەستی ئەمریكا دەكرێت
2025-02-06
46 جار خوێنراوەتەوە
٧ڕۆژ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، دوای تەواوبونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە كەرتی غەززە رادەستی ئەمریكا دەكات، دەشڵێت، "فەلەستینییەكان دەگوازرێنەوە بۆ كۆمەڵگەی نوێی سەلامەتترو مۆدێڕنتر لە ناوچەكەدا".
دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئیسرائیل دوای كۆتایهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی، كەرتی غەززە رادەستی ئەمریكا دەكات و پێویست ناكات هێزی ئەمریكی لە كەرتی غەززە جێگیربكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، "فەلەستینییەكان دەگوازرێنەوە بۆ كۆمەڵگەی نوێی سەلامەتتر و مۆدێرنتر لە ناوچەكەدا، كە ئەوەش دەرفەتی ژیانێكی بەختەوەر و ئاسایش و ئازادیان پێدەبەخشێت.
ترەمپ باسی لەوەشكرد، ئەمریكا بە هاوكاری تیمەكانی پەرەپێدانی نێودەوڵەتییەكانی دەستدەكات بە دروستكردنی پرۆژەیەكی بیناسازیی گەورە لە غەززە، هەروەها ئەوان بە لەسەرخۆیی و وردییەوە دەستدەكەن بە بنیاتنانی ئەو پڕۆژەیەی کە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و شایستەترین پڕۆژەکانی گەشەپێدان لە غەززەدا.
ئەوە لەكاتێكدایە ڕۆژی سێشەممە ترەمپ دوای کۆبونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل زۆرێک لە چاودێرانی سەرسام کرد کاتێک وتی، "ئەمریکا کۆنترۆڵی کەرتی غەززە دەکات و ئەو فەلەستینیانەی کە لەو خاکەدا دەژین لە وڵاتانی دیکە نیشتەجێ دەکرێن".
پێشنیارەكەی ترەمپ كاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و هەرزو لەلایەن هاوپەیمانان و نەیارانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دیكەی جیهانەوە ڕەتکرایەوە .
|