پلەی هەزاران پێشمەرگە و پلەدار بەرزدەكرێتەوە

2025-02-06  86 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە، پلەی هەشت هەزار و 168 پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە بەرز کرایەوە، وەزیری پێشمەرگەش دەڵێت، " لەگەڵ دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە، پێویستە پێشمەرگە هەمیشە لە بەرەوپێشچون و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیدا بێت".

بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ژمارە (2307) كە لە بەرواری ئەمڕۆ پێنجشەممە دەرچوە و ئیمزای وەزیری پێشمەرگەی لەسەرە، "پلەی هەشت هەزار و 168 پێشمەرگە و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگەی سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواكان لە خشتەی (ئەیلول/9)ی ساڵی 2024، بەرز کرایەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، بەرزكردنەوە بە گوێرەی خزمەتی سەربازی و بڕوانامەكانیان بە سەر دو لیستدا دابەشدەكرێن كە یەكەمیان پێكدێت لە پێنج هەزار و 70 پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە و لیستی دوەمیش پێكدێت لە سێ هەزار و 98 پلەدار و پێشمەرگە.

لایخۆیەوە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەگەر دەڵێت، "پیرۆزبایی لە سەرجەم پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەم. هیوادارم سەرکەوتوبن و بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی و پاراستنی خاک و ئاڵا و خەڵکی کوردستان". 

دەشڵێت، "هەوڵمانداوە پلەبەرزکردنەوەی پێشمەرگە و پلەدارانی وەزارەتی پێشمەرگە بخەینە سەر ڕێچکەی ئاسایی و یاسایی خۆیی، لە پاڵ ئەوەشدا دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، لە ئەولەوییەتی کاری وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازییە". 

وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەشكرد، "لەگەڵ دابینکردنی مافەکانی پێشمەرگە، پێویستە پێشمەرگە وەک هەمیشە لە بەرەوپێشچوون و بەرزکردنەوەی توانا سەربازییەکانیدا بێت".

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە