لامین یامال قسەکانی هانزی فلیک رەتدەکاتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
16 جار خوێنراوەتەوە
سێ یاریزانی یانەی بارسێلۆنا، لەنێویاندا لامین یامال، تۆمەتەکانی هانزی فلیکی راهێنەری یانەکەیان رەتکردەوە کە یاریزانەکانی بە لەخۆباییبوون بەرامبەر یانەی رایۆ ڤاییکانۆ تۆمەتبارکردبوو.
بارسێلۆنا لە گەڕی سێیەمی لالیگا، بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یارییکرد و یارییەکە بەیەکسانبوون 1 - 1 کۆتایی هات، بارسێلۆنا رووبەڕووی رەخنەی زۆری میدیاکان بووەوە.
لە دوای یارییەکە، فلیک لە لێدوانێکدا گوتی، "لەخۆباییبوون، سەرکەوتن دەکوژێت". ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ لەخۆیابییبوونی یاریزانانی یانەکە پاش سەرکەوتنەکانی وەرزی رابردوویان.
سێ یاریزانی بارسێلۆنا، کە ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا خۆیان بۆ گەڕی دوو یاریی داهاتووی پاڵاوتنەکانی مۆندیال ئامادە دەکەن، قسەکانی راهێنەرەکەیان رەتدەکەنەوە و بۆچوونی جیاوازیان لەبارەی رووداوەکەوە هەیە.
لامین یامال، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، دەڵێ، "پێموایە بابەتەکە پەیوەندی بەدەستپێکردنی وەرزەوە هەیە، هەروەها ئەو هێزەی کە وەرز رابردوو لەسەرەتادا پێیەوە دەرکەوتین، ئەوە پەیوەندی بەلەخۆباییبوون لە ژووری جلگۆڕیندا نییە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "دوای یەکسانبوون، هەموو یاریزانێک بەئاوەزێکی خراپەوە یاریگە جێدەهێڵێت، لە کۆتاییدا پێویستە ببەینەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لە کۆی 9 خاڵ، 7 خاڵمان لە یاریگەی زەحمەتدا بەدەستهێناوە، ئەوەش کارێکە هەموو کات روونادات.. راستە ئێمە هەڵەی زۆرمانکرد، بەڵام ئەوە روودەدات و ئێستا دەبێ باشترینی خۆمان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەوەی روویدا بەهۆی لەخۆباییبوونەوە نەبوو".
لای خۆیەوە، پێدری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی مەبەستی قسەکانی فلیکەوە دەڵێ، "پێموایە دەبێ ئەو پرسیارە لە فلیک بکرێت، نازانم مەبەستی چی بووە، ئەو باش دەزانێت و کاتێک دەگەڕێینەوە یانەکە، ئەو مەبەستەکەی خۆیمان بۆ رووندەکاتەوە".
لای خۆیەوە، دانی ئۆلمۆ، قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، دەکرێ باشترین و دەکرێ خراپترین بین، بەڵام ئامانجەکە بەکۆمەڵە، هەمووان دەمانەوێت یاریی بکەین و ببەینەوە، ئامانجەکە هاوبەشە و پێویست بەدڵەڕاوکە ناکات، پەیوەندییەکی باشمان لەنێو یانەکەماندا هەیە".
ئەو زیاتر دەڵێ، "فلیک لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکاندا شتێکی نەوتووە پێشتر بەئێمە نەگوتبێت".
|