بەرپرسانی ریال مەدرید لە هەڵسوکەوتەکانی ڤینسیۆس بێزاربوون
2025-08-28
68 جار خوێنراوەتەوە
بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، چیدی بەرگەی هەڵسوکەوت و هەڵچوون و کێشە بەردەوامەکانی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە نێو یاریگەکاندا ناگرن و پێیانوایە ئەو یاریزانە هیچ ناگۆڕێت.
لای خۆیانەوە سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، هەڵمەتی جیاوازی رەخنەگرتنیان لەو یاریزانە دەستپێکردووە و ئەوەش هەڵوێستێکی نوێی میدیاکانە بەرامبەر ئەو یاریزانە.
ڤینی لە دوایین یاریی یانەکەی بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ لە گەڕی پێشووی خولی لالیگا، چەندین هەڵسوکەوتی جێگەی نیگەرانیی بەرپرسانی یانەکەی هەبوو، لەنێویاندا ئاماژەکردن بۆ هاندەرانی یانەی خاوەن یاریگە بە ژمارە 2 وەک ئاماژەیەک بەوەی کە ئەوان دەبێ بگەڕێنەوە خولی پلە دووی وڵاتەکە.
ڤینیسیۆس هەروەها قسەی بەناوبژیوان گوت و هاندەرانی ریال ئۆڤیێدۆش دەبەی ئاویان گرتە ئەو.. ئەوە چەندینجارە هەمان هەڵسوکەوت لەلایەن ئەو یاریزانەوە لە یاریگە جیاوازەکاندا دووبارە دەبێتەوە.
ماڵپەری 'دیفێنسا سێنتراڵ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، جیا لەوەی هەر راهێنەرێک لەسەر کورسیی یەدەگی تیپەکە بێت، دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆ لەلایەن ڤینییەوە دەبینێت، هەندێک بەرپرسی یانەکە ئیدی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەو یاریزانە هەڵسوکەوتەکانی خۆی ناگۆڕێت و ئومێدی چاکبوونی تێدا نەماوە.
ڤینی بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ میدیاکان، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوت و کێشانەی لە دوو ساڵی رابردوودا لەگەڵ هاندەرانی یانە جیاوازەکان رووبەڕووی دەبێتەوە، ئەو سوورە لەسەرئەوەی گلەیی و هۆکاری کێشەکە هاندەرانی یانەکان و سووکایەتی و رەگەزپەرستی بەرامبەر دەکەن.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ڤینیسیۆس لە دۆخی خۆی لە ئێستای ریال مەدرید رازی نییە، بەتایبەت کە لە یارییەکەدا لەسەرەتاوە بەشداریی نەکرد و لەسەر کورسیی یەدەگبوو، ئەوە وایکرد ئەو شۆک ببێت، لە کاتێکدا ئەلۆنسۆ بڕیاریداوە ئامادەترین یاریزانەکانی بەشداری یارییەکان بکەن.
رۆژنامەی 'مارکا' دەڵێ، ئێستا بەرپرسانی یانەکە پرسیاری ئەوە لە خۆیان دەکەن، بۆچی هاندەرانی تیپەکانی دیکە سووکایەتی بەکیلیان ئێمباپێ ناکەن؟ لە کاتێکدا ئێستا مەترسیدارترە بۆ سەر یانەکانیان، کەچی لەگەڵ ڤینیدا بەو شێوەیەن؟ هۆکارەکە ئەوەیە کە هەڵسوکەوتەکانی ڤینیسیۆس باش نییە بەرامبەر هاندەران.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، "ئەگەر ڤینی گەیشتبێتە ئەوەی هاوڕێکانی بێدەنگی بکەن و دەمی دابخەن بۆ ئەوەی لە یاریگەدا شەڕ نەکات، کەواتە ئەو کێشەی راستەقینەی هەیە. مێسی هەرجارێک هاتبێتە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دووچاری دەیان قسەی نەشیاو بووەتەوە، بەڵام هەرگیز وەڵامی کەسی نەداوەتەوە".
رۆژنامەکە تەنانەت ئەوەی بیرهێناوەتەوە کە ڤینی پێشتر ئیسپانیای بەوڵاتێکی رەگەزپەرست ناوبردووە و ئەوەش قسەیەکە پێشتر هیچ کەسێک بەرامبەر وڵاتەکە نەیکردووە.
|