زیاتر لە ملیارێک کەس لە جیهاندا کێشەی دەروونییان هەیە
8 کاتژمێر پێش ئێستا
169 جار خوێنراوەتەوە
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایدەگەیێنێت، ساڵانە نەخۆشی و کێشە دەروونییەکان لە جیهاندا زیاد دەکەن و ئاماژەش بە دوو کێشەی باو دەکات کە دەشێت ببنە هۆی لەدەستدانی ژیان.
لە نوێترین راپۆرتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی WHOدا هاتووە، ساڵانە رێژەی نەخۆشی و ناڕێکییە دەروونییەکان زیاد دەکات، بەڵام خەرجییە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و پێشگیریکردن لێیان جێگیرە، ئەو رێکخراوە ئەوەش باس دەکات، کە نەخۆشی و زەبرە دەروونییەکان لەنێو خانماندا زۆر زیاترن.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: هەموو حکومەت و سەرکردەیەک پێویستە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا بکات کە خزمەتگوزارییە دەرووندروستییەکان مافێکی بنەڕەتین و دەبێت بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێن.
بەپێی WHO، ساڵانە 700 هەزار کەس بەهۆی نەخۆشی و زەبرە دەروونییەکانەوە خۆیان دەکوژن و ئێستا زیاتر لە ملیارێک کەس دووچاری ناڕێکییە دەروونییەکانن، د. تیدرۆسیش جەخت دەکاتەوە لە زیادکردنی خزمەتگوزارییە دەرووندروستییەکان لە سیستمی تەندروستیی وڵاتان.
ئامارەکانی راپۆرتی WHO ئەمانە ئاشکرا دەکەن:
- 14.8٪ـی خانمان بەدەست نەخۆشی و ناڕێکییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن، بەڵام لە پیاوان 13٪ـە.
4.4٪ـی دانیشتووانی جیهان دڵەڕاوکێیان هەیە.
4٪ـی دانیشتووانی جیهان خەمۆکن.
1.2٪ـی دانیشتووانی جیهان نەخۆشیی کەمزیرەکی یاخود لاوازیی ئاستی زیرەکییان هەیە.
1.1٪ـی دانیشتووانی جیهان فرەجووڵەی کەمسەرنجیان هەیە کە ناسراوە بە ADHD.
|