بانکی ناوەندیی عێراق خزمەتگوزاریی نوێی گواستنەوەی پارەی ڕاگەیاند
3 کاتژمێر پێش ئێستا
158 جار خوێنراوەتەوە
بانکی ناوەندیی عێراق دەستپێکردنی خزمەتگوزارییەکی نوێی راگەیاند، کە بریتییە لە گواستنەوەی پارە لە رێگەی جزدانی ئەلیکترۆنییەوە، ئەم هەنگاوە توانای تاک و خاوەنکاران بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان بە خێرایی و ئاسانیی زیاترەوە زیاد دەکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی ئەیلوولی 2025ی بانکەکە، خزمەتگوزارییە نوێیەکان بریتین لە:
• گواستنەوەی پارە لەنێوان جزدانە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بە دابینکەرە جیاوازەکان.
• گواستنەوەی پارە لە جزدانی کڕیارەوە بۆ جزدانی بازرگانان لەکاتی پرۆسەی کڕیندا.
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ئەم هەنگاوە گۆڕانکارییەکی گرنگە بۆ پێشخستنی گشتگیریی دارایی و پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی گۆڕانی دیجیتاڵی؛ هەروەها ئاسانکاری بۆ جووڵەی پارە دەکات و پاڵپشتیی کەرتی بازرگانی دەکات، لەگەڵ فراوانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دارایی لە عێراق.
|