ئەمریکا سزاکانی بۆ سەر عێراق دەست پێ کرد..!
8 کاتژمێر پێش ئێستا
194 جار خوێنراوەتەوە
ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە 2ی 9 واشنتۆن سزای بەسەر بازرگانێکی دیاری عێراقیدا سەپاند، بەوەش یەکەم قۆناغی ئەو هۆشدارییانەی جێبەجێ کرد کە ماوەیەکە بە شیعەکانی دەدات ئەگەر لە ئێران دوور نەکەوێتەوە بەر سزا داراییەکان دەکەون.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بە فەرمی سزای بەسەر ولید خالد حەمید سامەڕائی، بازرگانێکی دیاری عێراقی و دانیشتووی دوبەی، سەپاند.
سامەڕائی خاوەنی کۆمپانیاکانی "بابل" و "کالاگەس"ە، تۆمەتبارە بەوەی کە نەوتی ئێرانی بە ناوی عێراقەوە فرۆشتووە و لەم ڕێگەیەوە ساڵانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەستەبەر کردووە.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی واشنتۆندایە بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تۆڕانەی کە هاوکاری تاران دەکەن لە پێشێلکردنی سزاکانی نێودەوڵەتیدا.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی گەنجینە، سامەڕائی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە یارمەتیدانی ئێران بۆ دوورکەوتنەوە لە کاریگەرییەکانی سزاکان و بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی چالاکییە ناوکی و مووشەکییەکانی.
پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا بە ڕوونی هۆشدارییان دابووە شیعەکان ئەگەر بەردەوام بن لە هاوکاریکردنی ئێران ئەوا رووبەڕووی سزای دارایی دەبنەوە.
ئەم هەنگاوانەی ئەمریکا ترسی زۆر لەناو بازاڕی دراوی عێراقدا دروست دەکات مەترسی ئەوەی هەیە بەهای دۆلار بەرانبەر بە دینار جارێکی دیکە بەرز بکاتەوە.
هەرچەندە ماوەی چەند هەفتەیەکە دۆلار گەیشتوەتە ئاستی ٤٠ هەزار دیناری ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ئاستی ٣٠ هەزار دیناری دابەزی بوو.
ئەم سزایە دوای ئەوە هات سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەمریکا دەستی بە کشانەوەی هێزەکانی لە بەغدا کرد، بۆیە گومان دەکرێت هەنگاوی نوێ دژی شیعەکانی بەغدا بەڕێوە بن.
پێشتریش محەمەد شیاع سودانی بەهۆی هەمواری یاسای حەشدی شەعبیەوە خرابوویە ژێر فشارێکی سەخت و راستەوخۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەڕەشەی سزادانی کردبوو ئەگەر هەموارەکە لە پەرلەمان تێپەڕێنرێت.
سەرەڕای ئەمانە مەترسی ئەوە دەکرێت عێراق بکرێتە گۆڕەپانی جەنگی نوێی ئێران و ئیسرائیل کە لە هەرکاتێکدا ئەگەری هەڵگیرسانەوەی هەیە.
|