وردەکاریی شەڕەکەی شێخان ئاشکرا دەکرێت، تۆمەتبار خەڵکی کوێیە؟
8 کاتژمێر پێش ئێستا
77 جار خوێنراوەتەوە
هێزێکی ئاسایش لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی مادەی هۆشبەر، تەقەیان لێکراوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی ئاسایش گیانیان لەدەستدا.
سەردار شێخ یەحیا قایمقامی شێخان رایگەیاند هێزەکانی ئاسایش ماوەیەکە چاودێریی ئەو تۆمەتبارە دەکەن، ئەمشەو زانیارییان پێگەیشت چووەتە نێو ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە، ئاسایش چوونە ئەوێ و چاوەڕێ بوون تاوەکو بێتە دەرەوە، کاتێک هاتووەتە دەرەوە، هێزەکان داوایان لێکردووە خۆی رادەستبکات، بەڵام ئەو دەستبەجێ تەقەی لە هێزەکە کردووە.
قایمقامی شێخان باسی لەوە کرد، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا دوو کارمەندی ئاسایش گیانیان لەدەستداوە و سێ کارمەندیش بریندارن، هەروەها لەکاتی جێبەجێکردنی یاسادا، تۆمەتبارەکەش کوژراوە.
تەقەکردنەکە نزیک کاتژمێر 10:00ـی شەوی سێشەممە بوو قایمقامی شێخان وتی، دوو لە بریندارەکانی ئاسایش برینەکانیان سەختە و رەوانەی فریاکەوتنی دهۆک دەکرێن.
سەردار شێخ یەحیا، وتی، تۆمەتبارەکە خەڵکی ناحیەی قەسرۆک بوو، پێنج ساڵە هێزە ئەمنییەکان چاودێریی دەکەن، چونکە بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەر بوو.
|