گاڤی چەند یاری دووردەکەوێتەوە؟

2025-08-30  84 جار خوێنراوەتەوە

یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند کە یاریزانەکەی، گاڤی هەست بە ناڕەحەتی دەکات لە ئەژنۆی راستیدا، ئەمەش وای لێدەکات نەتوانێت بەشداری یاریی سبەینێیان بەرامبەر رایۆ ڤایێکانۆ بکات لە لالیگادا، بەڵام رەتیدەکاتەوە لە هەمان شوێنی پێکانی پێشووی تووشی پێکان بووبێتەوە.

راگەیێندراوە پزیشکییەکەی بارسیلۆنا روونیکردەوە کە ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکە هێشتا دیاری نەکراوە، چونکە پشت بەپێشکەوتنی دۆخی دەبەستێت، بەڵام  بۆ هەردوو یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش بەرامبەر بولگاریا و تورکیا لە 4 و 7ـی ئەیلوولی داهاتوو بەردەست نابێت.
 
گاڤی، ئەمڕۆ شەممە لە ناوەندی وەرزشی خوان گامپەر پشکنینی پزیشکی ئەنجامدا، لەکاتێکدا یاریزانانی بارسا دوایین مەشقیان ئەنجامدەدا پێش رووبەڕووبوونەوەی رایۆ ڤاییکانۆ.
 
سەرچاوەکانی ناو بارسێلۆنا بۆ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ پشتڕاستیانکردووەتەوە کە ستافی هونەری و پزیشکی نایانەوێت سەرکێشی بە یاریزانەکە بکەن، بەتایبەتی کە ئازارەکان لە هەمان ئەژنۆدا چڕبوونەتەوە کە لە 19ـی تشرینی دووەمی 2023 تووشی پێکانێکی قورس بوو، کاتێک لە یارییەکدا بەرامبەر جۆرجیا تووشی پچڕانی تەواوی بەستەری خاچی پێشەوە و پێکانێکی پەیوەست بە کڕکڕاگەی دەرەوە بوو، ئەمەش نزیکەی ساڵێک لە یاریگاکانی دوورخستەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی دوایین پشکنینەکان بوونی پێکانێکی گەورە لە ئەژنۆدا و لە هەمان شوێنی پێکانە قورسەکەی پێشووی رەتدەکەنەوە، بەڵام بڕیاردراوە کە لە یارییەکەدا بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ یاری پێنەکرێت، و بڕیارە یاریزانەکە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە پشوو وەربگرێت بۆ ئەوەی هەوڵبدات بە یەکجاری بەسەر ئەم ئازارانەدا زاڵ بێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە