وردەکاریی فرۆشتنی موڵکەکانی شاسوار عەبدولواحید

16   کاتژمێر پێش ئێستا  209 جار خوێنراوەتەوە

لەسەر داوای وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەک موڵکی کۆمپانیای نالیا و چاڤی دەستی بەسەردا گیراو لەزیادکردنێکی ئاشکرادا سەرجەم ئەو موڵکانە دەفرۆشرێت  کەژمارەیان 60 موڵکە. هەروەها قەرزەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەسەر کۆمپانیای نالیا تا ئێستا گەیشتوەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی دارایی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ڕەتکردنەوەی تانەی پێداچونەوەی کۆمپانیای نالیا لە لەلایەن دادگاوە،  وەزارەتی دارایی لە ڕێگای بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو هەڵدەستێت بە فرۆشتنی موڵکە دەستبەسەرداگیراوەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی کە ژمارەیان 60  موڵکە و پێکهاتوە لە چەندین پارچە زەوی و هۆتێل و کافتریا و کابینەی گەشتیاری و هتد.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو موڵكانە پێشتر دەستی بەسەرداگیراوە بەمەبەستی وەرگرتنەوەی سەرجەم قەرز و سودە کەڵەکەبوەکانی، کە لەئێستادا گەیشتوەتە نزیکەی بڕی 92 ملیار دینار. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە دوای دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی وەزیر بەشێوەی چڕوپڕ کاری لەسەر ئەو دۆسیەیە کردوە، دواجار لەساڵی 2021 دوای بردنەوەی دۆسیەیەکی یاسایی لەکۆمپانیای نالیا لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئەنجامدانی سەرجەم ڕێکارەکان، ئەو موڵکانەی کە شایستەی فرۆشتنن نیشانەی گلدانەوەیان خرایە سەر. 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەسەر داوای (بانکی سلێمانی یەک) سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانییەکانی وەزارەتمان و دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی کۆمپانیای نالیا بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکان و پابەند نەبونی لایەنی پەیوەندیدار، وەزارەتمان بەمافی یاسایی خۆی دەزانێت لە ڕێگای زیادکردنی ئاشکراوە سەرجەم ئەو موڵکانە بفرۆشێت کە نیشانەی گلدانەوەیان خراوەتە سەر.

دەشڵێت، "داواکارین هەرکەس و لایەنێک ئارەزومەندە بەشداری لەو زیادکردنەدا بکات دوای بڵاوبونەوەی ئاگاداریەکە لە ڕۆژنامەی فەرمی دەتوانێت ڕێکارە یاسایی و کارگێڕیەکان جێبەجي بکات و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات". 

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە