تووشبوویەکی نوێی تای خوێنبەربوون لە دهۆک تۆمار کرا
2025-08-30
218 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی تەندروستی تووشبوویەکی تای خوێنبەربوونی راگەیاند و دەڵێت: ''دانیشتووی قەزای سێمێلە و 43 ساڵە''.
ئەمڕۆ شەممە 30-8-2025 وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەو تووشبووە نوێیەی تای خوێنبەربوون تەمەنی 43 ساڵە و پیشەی قەسابە، بەرکەوتەشی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوودا هەبووە.
وەزارەتەکە ئەوەشی روون کردەوە، نەخۆشەکە نیشانەی هەیە و ئێستا لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا و لە نەخۆشخانە خەوێنراوە.
رۆژی چوارشەممە 27-8-2025 د. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستیی دهۆک ئاشکرای کرد، لەدوای جەژنی قوربانەوە چەندین گومانلێکراوی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون هەبوون و هەندێکیشیان لە بەغداوە پشتڕاستکراونەتەوە.
هەر ئەمڕۆش د. بەختیار ئەحمەد وتی، نەخۆشییەکە لە ناوچەکەدا هەیە و بڵاو بووەتەوە، بۆیە هاووڵاتییان دەبێت هەمیشە مەرجەکانی خۆپارێزێ جێبەجێ بکەن.
بەپێی وەزارەتی تەندروستی، ئەم ساڵ 9 تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەش چاکبوونەتەوە.
|