خەڵاتە داراییەکانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ

2025-08-28  82 جار خوێنراوەتەوە

تیروپشکی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا رادەکێشرێت و خەڵاتی گەورە بۆ یانە بەشدارەکانی چامپیۆنزلیگ دانراون و پاڵەوان دەکرێت تاوەکو بردنەوەی نازناوەکە 90 ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا)، کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی وەرزی نوێی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای ئاشکراکرد، 2.47 ملیار یۆرۆ وەکو کۆی گشتی خەڵاتە داراییەکانی یانە بەشدارەکانی پاڵەوانێتییەکە دانراوە.
 
سەرەتا تەنیا بۆ بەشداریکردن لە چامپیۆنزلیگدا، 18.6 ملیۆن یۆرۆ دەدرێتە هەر 36 یانەی بەشدار لە پاڵەوانێتییەکەدا، هەر بردنەوەیەک لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر 2.1 ملیۆن یۆرۆیە و یەکسانبوون پاداشتەکەی 700 هەزار یۆرۆیە.
 
دوای کۆتاییهاتنی رکابەرییەکانی قۆناخی یەکەمی خولەکە، خاوەنی پلەی یەکەم تاوەکو هەشتەم، 2 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن، ئەوانەی لە پلەی نۆیەم تاوەکو شازدەیەم دێن و دەچنە قۆناخی پلەی ئۆف 1 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن.
 
لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا یانە سەرکەوتووەکانی ئەو قۆناخە 11 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن و بە گەیشتنە قۆناخی هەشت پاداشتێکی گەورەتر وەردەگرن کە 12.5 ملیۆن یۆرۆیە.
 
لە قۆناخی پێشکۆتایی هەر چوار یانەی سەرکەوتوو بۆ ئەو قۆناخە 15 ملیۆن یۆرۆ پاداشتی داراییان پێدەدرێت و پاڵەوانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بە 6.5 ملیۆن یۆرۆ خەڵات دەکرێت، بەمەش دەکرێت ئەو یانەیەی دەبێتە پاڵەوان تاوەکو 90 ملیۆن یۆرۆی دەستبکەوێت.
 
چەند کاژێرێک بەر لە ئەنجامدانی تیروپشکی چامپیۆنزلیگی وەرزی نوێ، یۆفا گۆڕانکاریی لە کاتی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتاییدا کرد و یارییەکە رۆژی 30-5-2026 لە بوداپێست کاژێر 19:00 بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا پێشتر یارییەکانی کۆتایی چامپیۆنزلیگ کاژێر 22 دەکران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە