نزیکەی 10 هەزار خانەنشین مووچەی 6 مانگ وەردەگرن
14 کاتژمێر پێش ئێستا
162 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان دەڵێت، ئەم مانگە نزیکەی 10 هەزار خانەنشین مووچەی 6 مانگ وەردەگرن و مامەڵەی سەرجەم خانەنشینکراوەکانیش بەرەو کۆتایی دەڕوات.
سادق شێخ عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند: "ئەو خانەنشینانە لە مانگی 12ـی پارەوە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە".
سادق شێخ عوسمان ئاماژەی بەوەشکرد: "لە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشدا هێشتا نزیکەی 7 هەزار خانەنشین دەمێنن کە لە مانگی 12ـی پارەوە مووچەیان وەرنەگرتووە، چونکە بۆ مانگی شەش مووچەیان بۆ نەبەستراوە و دەکەوێتە مانگەکانی داهاتووەوە".
وتیشی ئەم ساڵ لەدایکبووانی سێ ساڵ پێکەوە خانەنشین بوون، کە ژمارەیان زیاتر لە 30 هەزار کەس بوو، پێشتر بەشێکیان لە مانگە جیاوازەکاندا مووچەکانیان وەرگرتبوو.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە عێراق، ئەم ساڵ لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 لە هەرێمی کوردستان خانەنشین بوون.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان، 303 هەزار و 353 خانەنشین هەن کە تێکڕای مووچەیان زیاترە لە 195 ملیار دینار؛ کە 186 هەزار و 377 خانەنشینی مەدەنی و 116 هەزار و 976 خانەنشینی سەربازین.
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، ژمارە 9ی ساڵی 2014 پابەند کرد، بەڵام تاوەکو مووچەی مانگی تەممووزی 2024 جێبەجێ نەکرا.
|