کریستیانۆ رۆناڵدۆ چەند نەشتەرگەریی جوانکاری کردووە؟
2025-08-24
76 جار خوێنراوەتەوە
پزیشکێکی جوانکاری ئاشکرای دەکات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی سەروەت و سامانێکی زۆری خەرج کردووە بۆ گۆڕینی رووخسارەکەی و بۆ ئەو مەبەستە چەندین نەشتەرگەریی جوانکاریی کردووە.
ئەو پزیشکە نهێنییەکی گەورەی دەربارەی رۆناڵدۆی کاپتنی یانەی نەسڕی سعودى ئاشکرا کرد، کە پەیوەستە بە نهێنیی پاراستنی جوانیی رووخسارەکەی و دەرکەوتنە گەنجانەکەی سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 40 ساڵ.
ئەستێرە پۆرتوگالییەکە بەوە ناسراوە کە پارێزگاری لە توانای جەستەیی خۆی دەکات لە رێگەی گرنگیدان بە راهێنانەکان و دوورکەوتنەوە لە شەونخونی و خووە خۆراکییە خراپەکان، کە سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی و یاریکردنی لە ئاستێکی بەرزدا لە خولی رۆشنی سعودیدا، وەک یاریزانێکی گەنج بە ماسوولکەی بەهێزەوە دەردەکەوێت.
پێدەچێت کریستیانۆ رۆناڵدۆ نهێنییەکی بچووکی لەپشت دەرکەوتنە گەنجانەکەیەوە لە تەمەنی 40 ساڵیدا شاردبێتەوە.
چەندین نەشتەرگەری
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ پزیشکی بەنێوبانگی جوانکاری لە نیویۆرک، دکتۆر ئیلی لێڤین ئەنجام داوە سەبارەت بە نهێنییەکانی دەرکەوتنە گەنجانەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
لێڤین کاری لەگەڵ رۆناڵدۆدا نەکردووە، بەڵام پێیوایە هێرشبەرەکەی یانەی نەسڕی سعودی سامانێکی زۆری بۆ چەندین نەشتەرگەری خەرج کردووە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی گەنجتر دەربکەوێت.
دکتۆر لێڤین پێیوایە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەشتەرگەریی جوانکاری بۆ باشترکردنی شێوەی لووتی ئەنجام داوە، و لەو باوەڕەدایە کە ئێسکی لووتی رۆناڵدۆ شکێنراوە و دووبارە داڕێژراوەتەوە.
جگە لەوەش، تاخمی ددانی بەکارهێناوە کە کریستیانۆ لە ساڵانی سەرەتای کاروانی وەرزشیدا نیشانی دەدا، لەگەڵ چارەسەری دیکە وەک رووکەشی ددان بۆ ئەوەی ددانەکانی سپیتر و رێکتر دەربکەون. هەروەها لێڤین پێیوایە یاریزانە پۆرتوگالییەکە نەشتەرگەریی بۆ بچووککردنەوەی پووکی سەرەوەی ئەنجام داوە.
دکتۆر لێڤین لەو باوەڕەدایە کە رۆناڵدۆ چەندین نەشتەرگەریی جیاوازی لە ماوەی ساڵاندا کردووە بۆ پاراستنی دەرکەوتنە گەنجانەکەی، بۆیە هەر بە گەنجی ماوەتەوە.
هێرشی ناڕەوا
پێشتر لەسەر جوانکاری و گرنگیدانی رۆناڵدۆ بە جوانیی رووخسارەکەی، چەندین وەرزشوان بە لێدوانی تووند هێرشیان کردووەتە سەر رۆناڵدۆ،
ستیڤانا رۆچی، خانمە یاریزانی تۆپی پێی ئێرلەندی پێشتر لە لێدوانێکدا سووکایەتی بە رۆناڵدۆ کردووە و گوتوویەتی "رۆناڵدۆ ئەوەندەی خەریکی جوانکاری دەمم و چاو و قژیەتی، نیو ئەوەندە خەریکی وەرزش نییە، ئەو زیاتر لە هەر ئافرەتێک گرنگی بە جوانکاری دەدات. هەرچەندە من ئافرەتم، بەڵام من وەک رۆناڵدۆ شانازی بە جوانییەکەمەوە ناکەم، من دڵنیام رۆناڵدۆ چەندین ئامێری جوانکاری و مێکیاج لەنێو جانتایەکەیدا هەن و هیچ یاریزانێک بە درێژایی مێژوو وەک ئەو جوانکاری نەکردووە".
پێشتریش مانوێل نۆیەر گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش، لەو بارەیەوە هێرشی کردە سەر رۆناڵدۆ و رایگەیاندبوو "رۆناڵدۆ وەرزشوانە نەک نمایشکاری جلو بەرگی ژێرەوە".
هەروەها خێزانی ماتس هۆمێلسی ئەستێرەی ئەڵمانی گوتبووی "رانی من زۆر جوانترە لە رانی رۆناڵدۆ، بەڵام من پێم شەرمە نمایشی بکەم، کەچی رانی رۆناڵدۆ وەک رانی ئافرەتان وایە و هیچ شێوەیەکی پیاوانی پێوە دیار نییە و شورەییە نیشانی خەڵکی بدات".
کاروانەکەی بەردەوامە
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەر شتێک بڕوای پێبێت دەیکات و گوێ ناداتە رەخنە و قسەکانی خەڵکی، ئەو ئێستاش لە تەمەنی 40 ساڵیدا بە ئاستێکی باش یاری دەکات و بەر لە دوو رۆژ سەرکردایەتیی یانەی نەسڕی کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی جامی سوپەری سعودی دوای سەرکەوتنی بەسەر یانەی ئیتیحاد بەئەنجامی 2-1 و بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو لە یاریی کۆتاییدا رووبەڕووی یانەی ئەهلی ببێتەوە کە ئەویش بەسەر قادسییەدا سەرکەوت.
کریستیانۆ تاوەکو ئێستا لەگەڵ نەسڕ بەشداری لە 112 یارییدا کردووە، 99 گۆڵی تۆمارکردووە و 20 گۆڵیشی دروستکردووە.
|