خەوتن بە رۆژ کاریگەری لەسەر لەبیرچوونەوە دەبێت؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
توێژینەوەیەکی قوتابخانەی تەندروستیی گشتیی جۆنز هۆپکینز لە ئەمریکا دەریدەخات، خەوتن لە رۆژدا لەوانەیە هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی مەترسیی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە لە کەسانی بەساڵاچوودا.
د.کینینگ جیانگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: خەوتن لە رۆژدا ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تێکچوونی خەوی شەوانە، کە ئەمەش مەترسی لەبیرچوونەوە زیاد دەکات.
توێژەرانی زانکۆ ئەمریکییەکە دەڵێن: ئەو بەشداربووانەی کە زۆرترین کات لە رۆژدا خەوتوون 48٪ مەترسیی تووشبوونیان بە لەبیرچوونەوە زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی کە بەدەگمەن خەوتوون یان هەر نەخەوتوون.
د. زیشان خان، سەرۆکی پزیشکیی بەساڵاچووان لە سەنتەری پزیشکیی زانکۆی جێرسی شۆر، چەند رێنماییەک بۆ باشترکردنی خەوی شەوانە دەخاتەڕوو، لەوانە:
- دانانی خشتەیەکی رێکی خەوتن و هەستان
- بەرکەوتن بە تیشکی خۆر لە بەیانیاندا
- خۆبەدوورگرتن لە خواردنەوەی کافاین لە پێش خەوتندا
- خەوتن لە ژوورێکی ئارام، فێنک و تاریک
کاتێک بە رۆژ بۆ ماوەیەکی درێژ دەخەویت، پێگەی کاتژمێری ناوەکی لەشی مرۆڤ تێکدەچێت. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە خەوی شەوانەت تێکبچێت؛ خەوی شەویش ئەو کاتە سەرەکییەیە کە مێشک تێیدا زانیارییەکان رێکدەخات و دەیانگوێزێتەوە بۆ بیرگەی درێژخایەن. کەواتە، خراپبوونی خەوی شەو بەهۆی خەوتنی زۆری رۆژەوە، سەرچاوەی سەرەکیی لەبیرچوونەوەیە.
ئەگەر خەوتنی رۆژەکەت لە ٢٠ بۆ ٣٠ خولەک تێپەڕێنێت، دەچیتە قۆناغی قوڵی خەو، کاتێک لەم قۆناغەدا بەئاگا دەبیتەوە، هەست بە شەکەتی، تەمبەڵی و ناڕوونیی مێشک دەکەیت کە بۆ چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت. لەم ماوەیەدا توانای سەرنجدان و بیرهێنانەوە بە شێوەیەکی کاتی کەم دەکاتەوە.
|