شەربەتی هەنار سوودی بۆ تەندروستیی دڵ چییە؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
55 جار خوێنراوەتەوە
شەربەتی هەنار یەکێکە لە خواردنەوە تەندروست و بەسوودەکان، و سوودێکی زۆری بۆ تەندروستیی دڵ و کۆئەندامی سووڕانی خوێن هەیە.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی ڤێرجینیا لە ئەمریکا، خواردنەوەی بەردەوامی شەربەتی هەنار یارمەتیدەرە لە رێکخستنی پەستانی خوێن، باشترکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ و کەمکردنەوەی هەوکردن.
توێژینەوەکە، دەریخستووە کە خواردنەوەی رۆژانەی یەک پەرداخ شەربەتی هەنار بەهۆی دەوڵەمەندیی بە پۆتاسیۆم و پۆلیفینۆڵ، یارمەتیی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات. هەروەها، یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی ''خراپ'' (LDL) و زیادکردنی کۆلیسترۆڵی ''باش'' (HDL)، کە مەترسیی رەقبوونی خوێنبەرەکان کەمدەکاتەوە.
بەهۆی بوونی رێژەیەکی بەرزی دژەئۆکسان، هەنار پارێزگاری لە لوولەکانی خوێن دەکات و یارمەتیی خاوبوونەوەیان دەدات، ئەمەش دەیانپارێزێت لە نەخۆشییەکانی دڵ. هاوکات، پێکهاتەکانی نێو ئەم میوەیە یارمەتیی بەهێزکردنی بەکتریا سوودبەخشەکانی ریخۆڵە دەدەن.
توێژەرانی زانکۆی ڤێرجینیا، جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەنار بەگشتی بۆ زۆربەی کەسەکان سەلامەتە، بەڵام پێکهاتەکانی نێو هەنار دەتوانن کارلێک لەگەڵ دەرمانەکاندا بکەن. پێویستە ئەو کەسانەی دەرمانی پزیشکی بەکاردەهێنن، بەتایبەتی دەرمانی ستاتین بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆلیسترۆڵ، پێش ئەوەی گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکییاندا بکەن، راوێژ بە پزیشکەکانیان بکەن.
|