حکومەتی ئەمریکا داخرا، نزیکەی 350 هەزار فەرمانبەر بێ مووچە دەبن

2025-10-01  282 جار خوێنراوەتەوە

داخستنی حکومەتی ئەمریکا، کاریگەریی لەسەر ژیانی ملیۆنان ئەمریکی دەبێت، ئەمەش لەدوای ناکۆکیی قووڵی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر پەسندکردنی پڕۆژەیاسایی بودجە و ناکۆکییەکەش بووە هۆی یەکەم داخرانی حکومەتی ئەمریکا لەدوای شەش ساڵ. 
 
دیموکراتەکان چەند جارێک بەربەستیان بۆ کۆمارییەکان دروستکردووە بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی و تاوەکو دوا دانیشتنی کۆنگرێس تادرەنگانی شەوی سێشەممە بەردەوام بوو، بەمەبەستی بەردەوامیی حکومەت، بەڵام هیچ کام لە دوو لایەنە سەرەکییەکەی ئەمریکا سازشیان نەکرد و حکومەتی ئەمریکا داخرا.
 
داخستنی حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشبینیکراو بوو، زۆربەی وەزارەتەکانی حکومەت دادەخات و فەرمانبەرەکانیشیان دەنێرنەوە ماڵەوە و مووچەشیان پێنادرێت. 
 
داخستنی حکومەت واتای چییە؟
 
داخستنی حکومەت، رێکارێکی کاتییە و لە ئەمریکا بە گوێرەی یاسایی داخستنی حکومەت، کارمەند یان فەرمانبەرانی حکومەت بەپێویست نازانرێن و مۆڵەتی کاتی و بێ مووچەیان پێدەدرێت.
 
بەڵام داخستنی حکومەت هەموو فەرمانبەرێکی حکومیی ناگرێتەوە، وەکو پۆلیس و کارمەندانی خاڵە سنوورییەکان و چاودێریی کۆمەڵایەتی، بەڵام ئەوانیش بێ مووچە کار دەکەن، تاوەکو حکومەت کارا دەبێتەوە.
 
تیم هایگڵ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئایاوای ئەمریکا، لەبارەی داخستنی حکومەت دەڵێت: "داخستنەکە زیاتر وەکو راگرتنێکی کاتییە. حکومەت بەشێوەیەکی گشتی لە کارەکانی بەردەوام دەبێت، بەڵام هەندێک لە دەزگەکانی بەشێوەیەکی کاتی رادەگیرێن."
 
بەدرێژایی مێژووی ئەمریکا، چەندین جار حکومەتەکەیان داخراوە، بەڵام زۆربەیان داخستنەکە تەنیا بۆ چەند رۆژێک بووە و دواتر کارا کراوەتەوە.
 
لەگەڵ ئەوەش هەندێکی دیکەیان ماوەی داخستنەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ بووە و درێژترینیشیان لەسەردەمی ئیدارەی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ بوو لەساڵانی 2018 و 2019 کاتێک حکومەت بۆ ماوەی 35 رۆژ داخرا.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 340 هەزار فەرمانبەر و کارمەندی فیدراڵی مۆڵەتی بێ مووچەیان پێدەدرێت و لەماڵەوە دەمێننەوە تاوەکو حکومەت کارا دەکرێتەوە. 
 
بۆچی حکومەت دادەخرێت؟
 
داخستنی حکومەت بەهۆی پەسندنەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵییەوە روودەدات.
 
بە گوێرەی یاسای ئەمریکا، کۆنگرێس دەسەڵاتی تەواوی هەیە لەبارەی ئەوەی چۆن بودجەی حکومەتی فیدراڵی خەرج دەکرێت و هەر وەزارەتێک چەند رێژەی بودجەکەی بەردەکەوێت.
 
بۆ ئەو مەبەستەش، ئەندامانی کۆنگرێس دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەکە دەدەن و هەر کاتێکیش پڕۆژەیاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانەوە پەسند دەکرێت، رەوانەی سەرۆکی ئەمریکا دەکرێت بۆ واژۆی کۆتایی و دەبێتە یاسا.
 
ئەگەر بودجەی فیدراڵی ساڵی داهاتوو پەسند نەکرێت، پێش بەسەرچوونی بودجەی ئەو ساڵە، ئەوا حکومەت دادەخرێت، چونکە بێ بودجە، زۆربەی وەزارەتەکان ناتوانن کار بکەن.
 
بۆ رێگرییکردن لەبەردەوامیی داخستنی حکومەت، رێکارێکی کاتیی ئامادەکراوە تاوەکو بەشێوەیەکی کاتی، هاوکارییەکی دیاریکراو دابین بکرێت تاوەکو حکومەت کارا دەکرێتەوە و گفتوگۆکانیش تایبەت بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەردەوام دەبن.
 
بەڵام شەوی سێشەممە، پێش کاژێرێک لەبەسەرچوونی ماوەی بودجەی ئەم ساڵ، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی سینات هەوڵەکانی یەکتریان بلۆک کرد بۆ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە. 
 
ناکۆکی ئەم ساڵ لەسەر چییە؟
 
خاڵی سەرەکیی ناکۆکی نێوان کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر خەرجییەکانی چاودێرییە.
 
دیموکراتەکان دەیانەوێت مۆڵەتی باج لە چوارچێوەی یاسای چاودێریی تەندروستی درێژ بکرێتەوە، کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکاریی بۆ ملیۆنان ئەمریکی دابین کرد لەڕێگەی بیمەی تەندروستییەوە. بڕیارە لە کۆتایی ئەم ساڵ، ماوەی ئەو رێکارە بەسەربچێت.
 
ساڵی دارایی نوێی حکومەتی فیدراڵی لە 1ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک دەست پێدەکات، بەڵام ئەم ساڵ هێشتا پڕۆژەیاسای بودجەی نوێ پەسند نەکراوە و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بۆشایی لە بودجەی فیدراڵی دا دروست بێت و حکومەت دابخرێت.
 
ئەم ساڵ پڕۆژەیاساکە لەلایەن دیموکراتەکانەوە وەکو کارتێکی فشار بەکارهێنراوە و کۆمارییەکانیش سوورن لەسەر ئەوەی سازش نەکەن.
پڕۆژەیاسایەکی کاتی بۆ بەردەوامیی کارەکانی حکومەت بۆ ماوەی 7 هەفتە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکراوە، بەڵام لە ئەنجوومەنی پیران کێشەی بۆ دروستکراوە.
 
پڕۆژەیاساکە پێویستی بەلایەنی کەم 60 دەنگە بۆ پەسندکردن، بەڵام کۆمارییەکان تەنیا 53 دەنگی یەکلاکەرەوەیان لەبەردەستە و پێویستیان بە 7 دەنگی دیکە هەیە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە