ئەمریکا فشارەکانی بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر کردووە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
164 جار خوێنراوەتەوە
لە ژێر فشاری ئەمریکییەکان یەکەی ژمێریاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ پارتی و یەکێتی هەڵدەوەشێتەوە و دەخرێنە سەر ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە بەوەش یەکەم هەنگاوی یەکخستنەوەی هێزەکانی ئەو دوو حیزبە لە ژێر چەتری وەزارەتدا جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی ئاگادار بە ٧رۆژی راگەیاند، ئەمریکییەکان فشارەکانیان بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان چڕتر کردووەتەوە دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت ئەو هێزانە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەربهێنرێن و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان .
هەر لەو چوارچیوەدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەو پرسە کردووە و تێیدا بڕیاری داخستنی یەکە ژمێرکارییەکانی هەردوو هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی داوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، بڕیاردراوە بە یەکخستنی یەکە ژمێریارییەکان کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی پێشمەرگە، تەنیا یەک یەکەی ژمێریاریان هەبێت ئەویش لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و لە ژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی کوردستاندا دا بێت.
جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەم کۆبوونەوەیە پەیوەست دەبێت بە بڕیاری سیاسی پارتی و یەکێتییەوە تا چەند ئامادەییان تێدایە ژمێریاری هێزەکانیان بخەنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
پارتی و یەکێتی لە رێگەی یەکەکانی حەفتا و هەشتاوە کۆنتڕۆڵی هێزەکانی خۆیان کردووە، هەرکام لەم یەکانە بەشی ژمێریاری تایبەت بە خۆیان هەیە و مووچە و ئیمتیازاتی هێزەکانیان لە رێگەی ئەم بەشە ژمێریارانەوە رێک دەخرێت.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی ٧رۆژ بڕی مووچە و دەرماڵەکانی ئەم هێزانە لە دەروەی یاسا بەرکارەکان هەژمار دەکرێت، ئەوەش دەرفەتی بۆ دروستبوونی بندیوار و خاوەن مووچەی وەهمی دروستکردووە.
ئەمریکییەکان بەردەوام خۆیان لەوە پاراستوە ئەو چەک و پێداویستیانەی دابینی دەکەن لە ململانێ سیاسییەکاندا بەکارنەیەت لەگەڵ ئەوەشدا چاویان لەوەیە هێزێکی تۆکمەی نیشتیمانی بۆ باشووری کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حیزبی دروست بکەن تا بتوانن پڕ چەکیان بکەن.
بەڵام پارتی و یەکێتی بۆ مانەوەی پێگەی خۆیان ئەو هێزانەیان لە دەرەوەی حکومەت هێشتوەتەوە و تا ئێستا ئامادەنین دەستبەرداریان بن.
|