کەی کامپ نوو بەڕووی یارییەکانی بارسێلۆنادا دەکرێتەوە؟
2025-10-01
89 جار خوێنراوەتەوە
هاندەر و عاشقانی یانەی بارسیلۆنا تامەزرۆ بوون یارییەکەی رۆژی یەکشەممەی بارسیلۆنا بەرامبەر ریال سۆسیداد لە خولی لالیگادا لە نێو کامپ نوو بەڕێوەبچێت، ئەمە نەک تەنیا چاوەڕوانی ئەوان بوو، بەڵکو بەگوێرەی پلان و بەرنامە دەبوو لە چارەگی سێیەم کە دەکاتە مانگی تەمووز تاوەکو مانگی ئەیلوول، یاریگەکە کرابایەوە. بەڵام خاومی کۆلبۆنی، سەرۆکی شارەوانیی بارسیلۆنا پلانی کردنەوەکەی دواخست بە پاساوی ئەوەی ئاسایشی پێویست بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی هاندەران دابین نەکراوە.
هاندەران بێ هیوا نەکراون و هەواڵی نوێ گەیشتووە کە بە ئەگەری زۆرەوە یاریگەکە لە 18ی ئۆکتۆبەر بۆ یاری بارسیلۆنا بەرامبەر جیرۆنا بەڕووی هاندەران دەکرێتەوە.
ئالبێرت باتلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی ئەنجوومەنی شاری بارسیلۆنا بۆ ئاسایش لە بارودۆخی کامپ نوو ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش هیوا دەخوازێت بۆ ئەم بەروارە یاریگەکە بکرێتەوە.
میدیای ئیسپانی RAC1 پرسیاری لە باتلی کرد ئاخۆ لەو بەروارە کامپ نوو دەکرێتەوە، ئەو لە وەڵامدا گوتی، "بۆ 18ی ئۆکتۆبەر؟ هیواخوازین کاروباری پێویست لە رووی دابینکردنی ئاسایشەوە بکرێت و کامپ نوو بەشێوەی نیوەچڵی بکرێتەوە."
باتلی دڵنیایی دا کە "کێشە بچووکەکان " دەتوانرێت چارەسەربکرێن.
یاری داهاتووی بارسیلۆنا لەنێو یاریگەی خۆی بەرامبەر پاریس سان جێرمانە لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا کە دەکەوێتە 1ـی ئۆکتۆبەر واتا رۆژی چوارشەممە و یارییەکەش لە نێو یاریگەی ئیستادیۆ ئۆلیمپیکۆ دەکرێت کە خۆی ئەم یاریگەیە بۆ نمایشی هونەری و کولتوری لە شاری بارسیلۆنا دابینکراوە.
بەڵام بەرپرسانی یانەی بارسیلۆنا دڵنیایی دەدەن لەدوای ئەم یارییە هەر یاریێک لەنێو یاریگەی خۆی بکرێت لە نێو کامپ نوو ئەنجام دەدرێت کە بە ئەگەری زۆرەوە یارییەکەی بلاوگرانایە بەرامبەر جیرۆنا لە 18ی ئۆکتۆبەر.
لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم یاری کە لە نێو کامپ نوو دەکرێت، ژمارەی هاندەران سنووردار دەبێت، چونکە ئەمە پێی دەڵێن کردنەوەیەکی نیوەچڵی و هێشتا کارکردن لەنێو یاریگەدا ماوە.
چاوەڕوان دەکرێت بەرامبەر جیرۆنا تەنیا 27 هەزار هاندەر رێگەیان پێبدرێت بچنە نێو کامپنوو، هەرچەندە پێشتر راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد، ئەگەری هەیە رێگە بە 45 هەزار هاندەر بدرێت.
بڕیار وایە یاریگەی کامپ نوو مانگی تەمووزی 2026 بە فەرمی بکرێتەوە، هەر کاتێکیش کرایەوە توانای لەخۆ گرتنی 105 هەزار هاندەری دەبێت.
|