موقتەدا سەدر: لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڵامی گەندەڵەکان بدەنەوە
2025-10-01
371 جار خوێنراوەتەوە
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە نووسینێکدا لە تۆڕی ئێکس دەڵێ: "بۆ رێگریکردن لە گەندەڵکاران و ئەو ئاژاوەیەی بەدوایدا دەگەڕێن، هەموو دەرکەوتنێکی چەکداری قەدەخەیە، بە سەرایا سەلامیشەوە، تەنیا لەو ناوچانەدا نەبێ کە رووبەڕووی تیرۆر دەبنەوە."
سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە دەڵێت: "گردبوونەوە و خۆپێشاندان لە هەموو ئەندامانی رەوتی نیشتمانیی شیعە قەدەخەیە، تەنانەت ئەگەر خۆپێشاندانی ئاشتییانەش بێت، تەنیا بە فەرمانی راستەوخۆی ئێمە نەبێ."
موقتەدا سەدر بە لایەنگرانی رادەگەیێنێت: "هەرکەسێک بیەوێ وەڵامی قسەی گەندەڵەکان بداتەوە، ئەوا دەتوانێ لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ئەو کارە بکات."
سەدر ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەگەر کەسێک بە قسە هێرشی کردە سەرم، پێویست ناکات ئێستا وەڵام بدرێتەوە، وەک چۆن من کاروبارەکەمم بە خودا و پێغەمبەرەکەی و ئال بەیت سپاردووە."
|