داواکاریی و مەرجە نوێیەکانی ئەمریکا لە عێراق چییە؟
2025-09-27
421 جار خوێنراوەتەوە
بەغدا دەتوانێت خۆی لە سزاکانی ئەمریکا بپارێزێت؟
فشارو داواکرییەکانی ئەمریکا بۆ سەر عیراق تا دێت زیاتر دەبێت و کەرتی دارایی عێراق، دابڕانی تەواوەتی بەغدا لە ئێران، دادگاییکردنی سەرکردەی گرووپە چەکدارە میلیشیاکان و هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی حەشدی شەعبی ، ئەمانە داواکارییەکانی واشنتنن بۆ ئەوەی عێراق نەکەوێتە بەر هێرش و سزاکانی ئەمریکا.
ئیدارەی ئەمریکا چەند هەفتەیەكە زنجیرەیەک ئامرازی فشاری رانەگەیەندراو بۆ سەر عێراق پیادە دەکات و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان، هاوڕان لەسەر ئەوەی پەرەسەندنی فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق بەشێکە لەو پرسەی كە بە دابڕان لە پەیوەست بوون بە ئێران ناسراوە.
رۆژنامەی "العربي الجدید" بڵاویکردەوە فشارەکانی ئەمریکا چەندین کەرت و دامەزراوەی گرنگی عێراقی گرتووەتەوە، دیارترینیان، کەرتی بانکییە، کە بانکە حکومی و ئەهلییەکان خراونەتە ژێرمیکانیزمێکی چاودێری ئەمریکاوەو ئامانج لێی دڵنیابوونە لەوەی ئێران سوودمەند نەبێت لە سیستەمی دارایی عێراق.
بەرپرسێکی عێراقی رایگەیاندووە: فشارەکانی ئەمریکا تەنها سنوردار نییە بە حەشدی شەعبی یان کۆنتڕۆڵکردنی چەکی گروپەكانی هاوپەیمانی ئێران لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵكو درێژبۆتەوە بۆ زۆرێک لە كەرت و دامەزراوەکانی تر.
واشنتۆن دەیەوێت دادگاییکردنی دادوەریی لە ناوخۆی عێراق بۆ سەرکردەى گروپەكان و ئەو کەسایەتیانەی تۆمەتبارن بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجام بدرێت، بەڵام ناوی هیچ کام لەوانەی نەهێناوەتەوە کە واشنتۆن داوای دادگاییکردنێكی شەفافیان دەکات لە ناوخۆی عێراقدا.
هاوکات کەرتی دارایی عێراق، چ حکومی و چ تایبەت، لە ژێر چاودێرییەکی تەواوەتی گەنجینەی ئەمریکادایە، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئێران یان لایەنەكانی هاوپەیمانی سوودمەند نەبن لە سیستەمی دارایی عێراق.
بەرپرسە عێراقییەکە ئاشکرشیکردووە: تەواوی حەواڵەی دارایی لە عێراقەوە بۆ دەرەوە لە رێگەی بانکە ناوەندەکانی ئوردن و ئیماراتەوە تێدەپەڕێت، ئەمەش وەک بەشێک لە رێوشوێنە چاودێرییەکانی ئێستای ئەمریکا.
دەستوەردانە بەردەوامەکانی ئێرانییەکان لە دۆسیە جیاوازەکانی عێراق مەترسی جددی لەسەر بەغدا دروستکردووە بە جۆرێک نەک هەر ئەگەری هێرشی سەربازیی بۆ سەر دامەزراوەکانی هەیە بەڵکو مەترسی رووبەڕووبوونەوەی سزای توندی واشنتۆنی لەسەر دروستبووەو لەهەر کاتێکدا چاوەڕوانی ڕووداوێکن لە عێراق ڕوو بدات.
|