وەزیری دەرەوەی سووریا دەچێتە ئەمریکا

17   کاتژمێر پێش ئێستا  167 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی حکومەتی کاتیی سووریا ئەم هەفتەیە سەردانی نیویۆرک دەکات و بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەکات، کە تایبەتە بە سووریا.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئەم هەینییە 25-04-2025 سەردانی نیویۆرک دەکات و بەشداری لە کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
 
ستێفان دووجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، پشتڕاستی نەکردەوە و وتی: "هەوڵدەدەم زانیاریی زیاتر وەرگرم."
 
دووجاریک وتی، پێشبینی دەکرێت گیێر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، لە کۆبوونەوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەسەر سووریایە بەشداربێت.
 
دوجاریک ئاماژەی بەوەشدا، پەیامی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەسەڵاتدارانی سووریا "بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیە کە نوێنەرایەتی هەموو سووریا بکات، ئەمەش بۆ مسۆگەرکردنی بەرپرسیارێتی و دڵنیابوون لە بیستنی دەنگەکان؛" هەروەها پەیامێکە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پێناو پشتگیریکردنی ئەو هەوڵەدا.
 
جگە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش، چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسانی سووریا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو و بانکی جیهانی، سەردانی واشنتنی ئەمریکا بکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 14-04-2025، سەرچاوەیەکی ناونەهێنراو بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئەوانەی بەشداریی سەردانەکەی واشنتن دەکەن بریتین لە: ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا؛ محەممەد بەرنییە، وەزیری دارایی و عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکیی ناوەندیی سووریا.
 
ئەو سەرچاوەیە رایگەیاند: "بەرپرسەکان داوا دەکەن پشتیوانی لە دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا و بووژانەوەی ئابووریی وڵاتە وێرانکراوەکە بکرێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە