چوارچێوەی هەماهەنگی: بە چەند لیستێک بەشداری هەڵبژاردن دەکەین
2 کاتژمێر پێش ئێستا
58 جار خوێنراوەتەوە
چوارچێوەی هەماهەنگی"شیعەکان" داوا دەکات ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت. هەروەها بڕیاری دا بە چەند لیستێکی جیاواز بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکات.
چوارچێوەی هەماهەنگی رۆژی دووشەممە، 21ی نیسانی 2025، لە نووسینگەی ھادی عامری، ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 225ی کرد.
حکومەتی عێراق بڕیاری دا رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت، بەگوێرەی راگەیێندراوێک، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە، کە ھەڵبژاردن لەو وادەیەدا بکرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی جگە لە سەدر لە زۆربەی هێزە شیعەکان پێکهاتووە، لەو سۆنگەیەوە بڕیاری دا لە ھەڵبژاردنی داھاتوودا بە چەند لیستێکی جیاواز بەشداری بکەن، دوای هەڵبژاردن دەبنەوە یەک ھاوپەیمانیی پەرلەمانی بە ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.
چوارچێوەکە متمانەی خۆی بە حکومەتی عێراق دەربڕی، کە کەشی ھەڵبژاردن و پێداویستییەکانی ئاسایشی ھەڵبژاردن و پشتیوانی پێشکێش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان دەکات، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرکەوتوو بێت و دڵنیایی بدات لە پاکی و بێگەردییەکەی.
|