کاتی بەستنی کۆنفرانسی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دیاری دەکرێت

4   کاتژمێر پێش ئێستا  24 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا رایگەیاند، سبەی لە پرێس کۆنفرانسێکدا کاتی بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دیاری دەکرێت.
 
فەیسەل یوسف، وتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا رایگەیاند، کاتژمێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە شاری قامشلۆ، کاتی بەستنی کۆنفرانسی "یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کوردی" دیاری دەکرێت. 
 
پێشتر وا بڵاوکرایەوە کە 18ی نیسان کۆنفرانسەکە دەکرێت، بەڵام لەو کاتەدا نەکرا، ئێستاش دەنگۆی ئەوە هەیە، کە لە 26ی ئەم مانگەدا بکرێت.
 
پێنجشەممەی رابردوو فەیسەڵ یوسف رایگەیاندبوو: "ئامادەکارییەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەک هەڵوێستی کورد بە هەنگاوی باش و پتەو بەڕێوەدەچن، بە ویستێکی بەهێز و بەرچاو بۆ سەرکەوتن و بەستنی لە نزیکترین کاتدا." 
 
فەیسەڵ یوسف وتی: "ترس و دڵەڕاوکێی شکست کە شەقامی کوردی داگرتووە رەوایە و، پشت بە ئەزموونەکانی ساڵانی رابردوو دەبەستێت، ئەمەش داوا دەکات لێمان کە وانە و پەند لە تەگەرە و بەربەستەکانی پێشوو وەربگرین و رێ لە دووبارەبوونەوەیان بگرین."
 
پێشبینی دەکرێت 300 ئەندام لەو کۆنفڕانسەدا بەشداربن، بە جۆرێک کە 170 نوێنەری پارتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردی بن، لەگەڵ ئەوانیشدا، نوێنەرانی: پارتیی دیموکراتی پێشکەوتووی کورد لە سووریا، پارتیی ئەلوەحدەی دیموکراتی کورد لە سووریا (یەکێتی)، پارتیی ئاشتیی دیموکراتی کوردستانی، پارتیی ویفاقی دیموکراتی کوردی لە سووریا، بزووتنەوەی خۆبوون و هەندێک لایەنی دیکە. 130 کەسیان نوێنەری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) دەبن.
 
ئێستا لیژنەیەکی ئامادەکار بۆ ئەو کۆنفڕانسە پێکهێنراوە کە لە حەوت کەس پێکدێت.
 
خاڵە سەرەکییەکانی ئەو کۆنفڕانسە هەر 13 خاڵی رێککەوتنی ئەنەکەسە و پەیەدە دەبن، لەگەڵ یەکبوونی ستراتیژیی گوتاری کورد و پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش بۆ دیالۆگ لەگەڵ دیمەشق.
 
پێشتر هەندێک لایەنی سیاسی باسی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی لایەنە سیاسییەکانی کوردی رۆژئاوای کوردستانیان دەکرد، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ئەو کۆبوونەوەیە بە ناوی کۆنفڕانس دەبێت، نەک بە ناوی کۆنگرەی نەتەوەیی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە