وەزیری نەوت پلانی نوێی عێراقی بۆ هەناردەکردنی نەوت ئاشکراکرد
2 کاتژمێر پێش ئێستا
152 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهان دەستیپێکردووە لە رێگەی هێڵێکەوە کە بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ نابێت، بەرهەمهێنانی ئێستای نەوتیش کەم بووەتەوە بۆ 1.5 بۆ 1.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنی بڕێک نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستیپێکردووە و هێڵی گواستنەوەی نەوتی عێراق - تورکیا لە چاککردنەوەدایە، کە توانای ئەو هێڵە 200 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتە.
بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، تەنیا 100 کیلۆمەتری هێڵەکە ماوە پشکنینی بۆ بکرێت کە لە هەفتەیەکدا دەکرێت، دوای پشکنین دەتوانرێت نەوتی کەرکووک بەو هێڵەدا راستەوخۆ هەناردە بکرێت بەبێ تێپەڕین بە هەرێمی کوردستان.
ئەو لێدوانەی حەیان عەبدولغەنی دوای داوای وەزارەتەکەیەتی لە هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریى گواستنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، لە بەرامبەردا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی تیمە پسپۆڕەکان دەربڕی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە "هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت."
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستیان بە کارکردن بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری بانیاس لە سووریا و عەقەبە لە ئوردن کردووە.
بڕیارە لە رێگەی تەنکەرەوە نەوتی عێراق لەو دوو بەندەرەوە هەناردە بکرێت، لە پاش ئەوەی لە 28ی شوباتەوە تەنگەی هورمز لە کەنداو داخراوە، کە رێگەی سەرەکیی هەناردەی نەوتی عێراق بوو.
حەیان عەبدولغەنی وتیشی، پشکی عێراق لە بەرهەمهێنانی نەوت لە چوارچێوەی ئۆپێک 4.4 ملیۆن بەرمیلە، بەڵام بەرهەمهێنانی ئێستا 1.5 بۆ 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا.
|