خواردنەوە وزەبەخشەکان دەبنە هۆی ماندوێتی نەک چالاکی

2   کاتژمێر پێش ئێستا  29 جار خوێنراوەتەوە

زۆرێک لە خەڵکی بۆ بەدەستهێنانی وزە و تەرکیزی خێرا پەنا دەبەنە بەر خواردنەوە وزەبەخشەکان، بەتایبەت لە کاتی کارکردنی زۆر یان شەونخونیدا، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن کە ئەنجامی ئەم خواردنەوانە توشی جەندین کێشەی تەندروستیت دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Verywell Health"، بەکارهێنانی بەردەوامی ئەم خواردنەوانە هەستی شەکەتی و ماندوێتی زیاد دەکات، ئەوەش بەهۆی چەند هۆکارێکی سەرەکییەوە:

خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر کافاینیان تێدایە دەبێتە هۆی میزکردنی زۆر و وشکبوونەوەی جەستە، ئەمەش سەرئێشە و گرژبوونی ماسولکەکانی لێ دەکەوێتەوە.

هەبوونی بڕێکی زۆری شەکر، سەرەتا ئاستی شەکر لە خوێندا بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی یەک بۆ دوو کاتژمێر، ئاستی شەکرەکە بە توندی دادەبەزێت کە ناسراوە بە "داڕمانی شەکر"، ئەمەش مرۆڤ تووشی بێهێزی و کەمبوونەوەی تەرکیز دەکات.

پسپۆڕان ئاماژە بەوەش دەکەن کە جەستە بە تێپەڕبوونی کات ڕادێت لەسەر کافاین، ئەمەش وا دەکات کاریگەرییە هاندەرەکەی نەمێنێت و کەسەکە پێویستی بە بڕی زیاتر بێت، جگە لەوەی دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و بێبەشبوونی جەستە لە پشووی ڕاستەقینە.

لە هەمووی مەترسیدارتر ئەو زیانە چاوەڕوان نەکراوەیە کە خواردنەوە وزەبەخشەکان بە گورچیلەکانتی دەگەیەنن زۆرینەیان دەبنە هۆی دروستبونی بەردی گورچیلە و ڕمڵی گورچیلە.

لەم بارەیەوە پسپۆران هۆشداری دەدەن کە پێویستە هاوسەنگی خۆراک بپارێزرێت و گرنگی بە خواردنەوەی ئاو و ڕێکخستنی کاتەکانی خەو بدرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سروشتی وزەمان دەست بکەوێ.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە