بەکارهێنانی هۆڕمۆنی خەو،دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

بۆ ئەوانەی بەدەست کێشەی کەمخەوییەوە دەناڵێنن، ڕاپۆرتە پزیشکییە نوێیەکان باس لە سوود و کاریگەرییە لاوەکییەکانی بەکارهێنانی هۆرمۆنی "مێلاتۆنین" دەکەن وەک چارەسەرێکی یارمەتیدەر بۆ خەوتن.

مێلاتۆنین هۆرمۆنێکی سروشتییە لە جەستەدا کە شەوانە ئاستەکەی بەرز دەبێتەوە، بەڵام بەکارهێنانی وەک تەواکەری خۆراکی لە ناو خەڵکدا زیادی کردووە.

لە ماڵپەڕی "mayo clinic”بڵاوکراوەتەوە، بەپێی توێژینەوەکان، مێلاتۆنین دەکرێت سوودبەخش بێت بۆ ئەو کەسانەی کێشەی تێکچوونی کاتەکانی خەویان هەیە، یان ئەوانەی بەهۆی گەشتکردنەوە تووشی خەو زڕان بوون.

یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی دەرمانە خەوێنەرەکانەوە، مرۆڤ ئاڵوودەی نابێت و بە تێپەڕبوونی کات کاریگەرییەکەی کەم نابێتەوە، بەڵام پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە ئەم دەرمانە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت بەکاربێت.

سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان، باوترین نیشانەکان بریتین لە سەرئێشە، گێژخواردن، دڵتێکچوون و هەستکردن بە خەواڵوویی لە کاتی ڕۆژدا.

هەروەها هەندێک نیشانەی کەمتر باو هەن وەک بینینی خەونی ناخۆش، تێکچوونی جەو، یان کێشەی هەرس.

پزیشکان هۆشداری دەدەن کە نابێت تا پێنج کاتژمێر دوای خواردنی مێلاتۆنین شۆفێری بکرێت یان ئامێری قورس بەکاربهێنرێت.

خاڵێکی زۆر گرنگ کە دەبێت ڕەچاو بکرێت ئەوەیە کە مێلاتۆنین دەکرێت کارلێک لەگەڵ چەندین دەرمانی تردا بکات، وەک دەرمانی شەکرە، پەستانی خوێن، پەرکەم و دەرمانەکانی مەیینی خوێن، بۆیە زۆر گرنگە پێش بەکارهێنانی، ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت.

لە کۆتاییدا پسپۆڕان ئامۆژگاریمان دەکەن کە مێلاتۆنین نەکرێتە تەنها چارەسەر، بەڵکو باشترە لەگەڵ وەرزش، خواردنی تەندروست و ڕێکخستنی ژینگەی خەوتن بەکاربهێنرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە