کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان: 15 رۆژە یەک تیکت نەفرۆشراوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی جەنگەوە، لە 28ـی شوباتەوە ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان داخراوە. سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "دۆخەکە بەردەوام بێ، هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکان دەستپێدەکات".
رێبوار ئازاد، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە دەستپێکی جەنگەوە یەک تیکت نەفرشراوە، چونکە ئاسمان داخراوە، بەهۆیەوە زیانمەندی یەکەم کۆمپانیا گەشتیارییەکانن".
وتیشی: "بەهۆی جەنگەوە گەشتیار بووەتە سفر. یەک گرووپی گەشتیاریمان نەماوە بۆ دەرەوە و هاوکات هیچ گرووپێکی گەشتیاریمان لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان نەماوە".
ڕاشیگەیاند، کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان "زیانی زۆر"یان بەرکەوتووە، ئەوەش بەهۆی جەنگ و داخرانی ئاسمانەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "دۆخی کۆمپانیاکان زۆر خراپە، چونکە لەگەڵ نەبوونی گەشتیار، تێچووی بەڕێوەبردنیان زۆرە".
ڕێبوار ئازاد دەڵێ، بەهۆی داخرانی ئاسمانەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کۆمپانیایەکی گەشتیاری داوای هەڵوەشاندنەوەی نەکردووە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەردەوام دەبێ "هەڵوەشاندنەوەی کۆمپانیاکان دەستپێدەکات".
ئەوەشی ڕاگەیاند: "کۆمپانیا گەشتیارییەکان باجی نوێکردنەوەی مۆڵەت دەدەنە حکومەت، باج و رسوماتی کۆمپانیاکان دەدەن، تێچووی ئۆفیس و مووچەی کارمەند، پارەی ئاو و کارەبا هەموویان لە ئەستۆیە، لەکاتێکدا هیچ گەشتێک نەماوە".
|