وەزارەتی دارایی رێکارێکی نوێ بۆ حەواڵەی دۆلار دەگرێتەبەر
1 کاتژمێر پێش ئێستا
141 جار خوێنراوەتەوە
بەهۆی راگرتنی حەواڵەی دۆلار لەلایەن بەغداوە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بۆ رێگریکردن لە گرانبوونی نرخی خۆراک و وەستانی جووڵەی بازرگانی، بڕیاریدا بەشێوەیەکی کاتی رێگە بە بازرگانان بدات لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە حەواڵەی دۆلار بە "نەختینە" بکەن.
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی لەسەرە و ئاراستەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل کراوە لە سەرەتای کانوونی دووەمەوە حکومەتی فیدراڵیی عێراق حەواڵەکردنی دۆلاری بۆ بازرگانان لە رێگەی بانکەکانەوە راگرتووە.
لە نووسراوەکەدا باس لە لێکەوتەکانی ئەو بڕیارەی بەغدا کراوە و هاتووە، "ئەم دۆخە بووەتەهۆی دروستبوونی کێشە بۆ جووڵەی بازرگانی، کەمبوونەوەی داهات و زیادبوونی نرخی خۆراک لە هەرێمی کوردستان."
وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام تاوەکو گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی، بڕیاریانداوە رێگە بە حەواڵەکردنی دۆلاری (نەختینە) بۆ بازرگانان لە رێگەی دەروازەکانەوە بدرێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، وەزارەتی دارایی پێنج رێکار و مەرجی بۆ بازرگانان دیاریکردووە، کە بریتین لە:
1. پێشکێشکردنی داواکاری لەلایەن بازرگانانەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان.
2. پێویستە لەگەڵ داواکارییەکەدا فاتوورەی کڕینی کاڵا بەشێوەی باوەڕپێکراو هەبێت.
3. پێشکێشکردنی مانیفێست و بەڵگەی پێویست کە بیسەلمێنێت کاڵاکە هاوردە کراوە، هەروەها دەبێت بەڵگەکان لەلایەن گومرگی دەروازەکەوە پشتڕاست بکرێنەوە و بە نووسراو ئاراستەی بانک بکرێن.
4. دوای دڵنیابوونەوە لە بەڵگەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانک رەزامەندی دەدات بۆ حەواڵەکردنی پارەکە بە شێوازی نەختینە لە رێگەی دەروازەکەوە.
5. بۆ ئەم پرۆسەیە، عومولەی بانکی بە رێژەی (0.003) لەسەر کرداری حەواڵەی دەرەوە، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکانەوە وەردەگیرێت.
|