ئەم جارە مێژوو خۆی دوبارە ناکاتەوە

سالار مەحمود 08/04/2025   384 جار خوێنراوەتەوە

رووداوە خوێناویەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکی بریتیە لە گۆڕانی هێزو پێگەی هێزە هەرێمیەکان. بەشەکەی تریشی بریتیە لە داڕشتنەوەی هێڵە سیاسیە خوارەکانی نەخشەی سەد ساڵەی وڵاتانی ناوچەکە.

لە سەردەمی لۆزانەوە تا بە ئێستا دەگات ئەم ماجەرایە بەردەوامە، کورد و خاکەکەی لەبەردەم لولەی تانک و تیری فڕۆکەو گڕی ناپاڵمی زلهێزەکاندا بووە. هەموو دونیا بەگشتی و، وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی تەماشاکارێکی بێدەنگی جینۆسایدکردن و  کیمیابارانی کوردستان بوون.

دارو پەردوە رووخاوەکانی ئێستای غەزەو باشوری لوبنان، گوندە رووخاوەکانی گەرمیان و شارە کاولکراوەکانی هەڵەبجەو قەڵادزەو سەی سایەق و مەندەلی وەبیر دێنێتەوە.

هەموو ستەمێکی ئێستای سەر خەڵکی مەدەنی لە رووداوەکانی ناوچەکە، زوڵمە گەورەکانی سەر کوردستانمان بیر دەخاتەوە.

لەوەتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە بۆ کورد نا ئارام و شەڕو کاولکاریی و ئاوارەبون بووە، ئێستاو تازە بە تازە ئەوانی دی دەڵێن دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نا ئارامە، چونکە تینی ئاگرەکە گەیشتۆتە خۆیان.

رووداوەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوین بارگاویە بە شکستی دەوڵەتان لە پێدانی ماف و، درێژکراوەی بەرژەوەندی جیهانیشە لە فۆرمێکی تردا. بەڵام ئەمجارەیان بۆ کورد، دوبارە بوونەوەی مێژوو نیە! 

واتە ئیدی کورد لە دەرەوەی مێژوو نابێت. گەرچی پریشکی ئەم ئاگرەی کە سەد ساڵە کورد دەسوتێنێ و دونیا متەقی لە خۆی بڕیبوو، تاوی تازە گەیشتوە بەوان و، تازە خەریکە لەوێ کڵپە دەسێنێ.

ئەوانەی شاگەشگە ببوون  بە لەباربردنی خەونی کوردو پەیماننامەی سیڤەرو، دەرگای لۆزانیان لە کورد گرتبوو، هەر ملهوڕانە دەڕواننە دۆخەکە بۆیە هێشتا میراتگری هەمان عەقڵیەتە لە سوریا نایەوێ کورد ناسنامەی هەبێ و بەشێک بێ لە بەڕێوبردنی شام.

دەوران چەرخاوەو، دەم دەمی کەوتنی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەیە،هەروەها دەمی ئازادی گەلانە، کوردیش وەک زیندوترین نەتەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێکی بەهەند وەرگیراوە لە ناو هاوکێشەکاندا، دەسەڵاتەکان هاتن و رۆیشتن بەڵام کورد هەر مایەوە، جۆری جەورەکان گۆڕان بەڵام رۆحیەتی ئازادی زاڵتر بوو بەسەر ستەمی ستەمکاراندا.

دەوران هەرچۆن بچەرخێ، بەپێی پێدراوەکانی هێزو لەسەر پێ وەستانی کورد خۆی، ئاسۆی کورد لەو دیو کەلەو مێژووش خۆی دوبارە ناکاتەوە.

هەموو وتارەکانی سالار مەحمود