چارەنووسی مووچەکانی دیکەی هەرێم چۆن یەکلایی دەکرێنەوە؟
19 کاتژمێر پێش ئێستا
66 جار خوێنراوەتەوە
دوو کۆبوونەوەی جیاواز لە بەغدا، کە یەکێکیان تایبەتە بە هەناردەکردنەوەی نەوت و ئەوەی دیکەشیان داهاتی نانەوتی، چارەنووسی مووچەی مانگی تەممووز و مانگەکانی دواتری هەرێمی کوردستان یەکلا دەکەنەوە.
سەرچاوەیەکی باڵای ئاگادار بە ٧ڕۆژی وت دانوستاندنی ئەمجارەی کۆمپانیاکانی نەوت بە بەشداریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەبێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ، دانوستاندنەکە بۆ لادانی بەربەستەکانی بەردەم رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بۆ هەناردەکردنەوەی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت دەیانەوێت گەرەنتییەکیان لە بەغداوە پێ بدرێت بۆ خەرجکردنی 16 دۆلاری تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بە شێوەیەکی بەردەوام.
یەکێک لە بەربەستەکانی دیکەی بەردەم هەندێک لە کۆمپانیاکانی نەوت تێچووی گواستنەوەی نەوتە لە کێڵگەکانیانەوە بۆ بۆریی هەناردەکردن کە چۆن پابەندى دانى ئەو پارەیە یەکلادەکرێتەوە.
لەبارەی داهاتی نانەوتی تیمی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بە بەشداری نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆکانیان لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراو دەستپێدەکەنەوە.
ناکۆکییەکانیان لەبارەی رێژەی داهاتی نانەوتی رادەستکراوە. بەغدا داوای تەواوی داهاتی رسوومات، 50%ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و دامەزراوە فیدراڵییەکان دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان رسوومات بە پشکی خۆی دەزانێت و 50%ـی داهاتی گومرگی دەروازە سنوورییەکان بە پشکی بەغدا دەزانێت لەگەڵ 50%ـی بەشێک لە باجەکان.
سەرچاوەیەکی ٧ڕۆژ ئاماژەی بەوەشکردووە "لیژنەیەکی تایبەت بە سەرۆکایەتیی ، وەزیری پلاندانانى عێراق و بە بەشداریی نوێنەری یاسایی سەرۆکوەزیرانى فیدڕاڵ بەشدار دەبن لەو کۆبوونەوانە یان سەرپەرشتی دەکەن، ئەگەر تیمەکانی هەولێر و بەغدا رێککەوتن، راپۆرتێک لەبارەی جیاوازییەکانیان لە ماوەی یەک هەفتەدا دەدەنە سەرۆکوەزیران بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەیەوە بدرێت."
ئەوەش لەکاتێکدایە " تا ئێستا بڕیارى حکومەتى عێراق وایە ، ئەگەر لە بارەى داهاتى نانەوتى و رادەستکردنى نەوت رێککەوتن نەکرێت، بڕیارى ناردنى مووچەى مانگى تەممووز نادرێتو چارەنوسی مووچەی مانگەکانی دیکەش بە نادیاری دەمێنێتەوە.
|