بەرھەمھێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ئاسایی بووەتەوە
19 کاتژمێر پێش ئێستا
61 جار خوێنراوەتەوە
بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە دوای هێرشە درۆنییەکانی مانگی 7 بەرەوە ئاساییبوونەوە دەڕوات. کۆمپانیاکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەردەوامن لە کاری چاککردنەوەی دامەزراوە نەوتییەکان لە کێڵگەکانیاندا.
بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری هەفتانەی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ناسراو بە (MEES)، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەوانە (دی ئێن ئۆ) و (گەڵف) بە وریاییەوە سەرقاڵی گەڕاندنەوەی ئەو بڕە نەوتەن کە لە دوای هێرشە درۆنییەکانەوە لە دەستچوون. ئامادەکاریش دەکەن بۆ وەبەرھێنانی نوێ لە کێڵگەکانیان، سەرەڕای ئەوەی هێشتا بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە داخراوی ماوەتەوە.
مۆڵەتی تاوکێ کە بریتییە لە دوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور و لەلایەن کۆمپانیای (دی ئێن ئۆی) ـی نەرویجییەوە بەڕێوەدەبرێت، بەهۆی هێرشەکانی 16 و 17 مانگی 7 ـی ئەمساڵ، زۆرترین زیانی بەرکەوت. لە نێوان دوو کێڵگەکەشدا، کێڵگەی پێشابوور زیانەکانی زۆر زیاتر بوون، لەبەر ئەوەی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەکە کرانە ئامانج.
دامەزراوەکانی پەیوەست بە جیاکردنەوەی ئاوی سوێر لە نەوتی خاو کە بەشێکن لە دامەزراوکانی بەرهەمهێنانی نەوت، زیانی زۆریان بەرکەوت، بەڵام زیانی کێڵگەی تاوکێ کەم بوو، لەبەر ئەوەی هێرشە درۆنییەکە، کۆگایەکی کردە ئامانج کە بەکارنەدەهات و لەبەر ئەوەش لە سەرەتای مانگی هەشتدا بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە دەستیپێکردەوە.
لە مۆڵەتی تاوکێ، پێش ھێرشەکان، کۆی بەرھەمھێنان بە تێکڕا نزیکەی 80,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بوو. ئێستا بەرھەمھێنان بۆ نزیکەی 60,000 بەرمیل لە رۆژێکدا گەڕاوەتەوە، واتە بەرھەمھێنانی 25,000 بەرمیل لە رۆژێکدا لە تاوکێ و 35,000 بەرمیل لە رۆژێکدا لە پێشخابوور.
بیژەن موسەوەر رەحمانی، سەرۆکی کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) رایگەیاند، لە رێگەی چارەسەری کاتییەوە، بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەی تاوکێ دەستپێکردووەتەوە، بەڵام لە ئاستێکی نزمتر لە پێش هێرشەکان.
رەحمانی دەڵێت، چاککردنەوەی یەکجارەکیی کێڵگەکە، کاتی زیاتری پێویستە.
سەرۆکی (دی ئێن ئۆ) ئاشکراشی کرد، گازی هاوەڵ لەگەڵ نەوت لە کێڵگەی پێشابوور دەخرێتەوە ناو کێڵگەی تاوکێ بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەدا جێگیربێت و دانەبەزێت.
لە لایەکی دیکەوە، لە کێڵگەی شێخان کە لەلایەن کۆمپانیای (گەڵف کێستۆن)، بەڕێوەدەبرێت و لە کاتی هێرشە درۆنییەکان وەک رێوشوێنێکی خۆپاراستن داخرا و نەبووەوە ئامانجی هێرشەکان، دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت کراوەتەوە و ئێستا رۆژانە نزیکەی 40 بۆ 45 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت.
هەردوو کۆمپانیای (دی ئێن ئۆ) و ( گەڵف کێستۆن) پلانیان هەیە وەبەرهێنانەکانیان لە هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن، سەرەڕای ئەوەی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر هەناردەکردنەوەی بۆڕی نەوت بەردەوامە و هێشتاش مەترسییە ئەمنییەکان هەر لە شوێنی خۆیاندا ماون.
کۆمپانیای ( دی ئێن ئۆ) ئامادەکاری دەکات بۆ هەڵکۆڵینی بیری نوێ لە تاوکێ بە ئامانجی بەرزکردنەوەی بەرھەمھێنان بۆ نزیکەی 100,000 بەرمیل لە رۆژێکدا. کۆمپانیاکە ئێستا تاوەرێکی لێدانی بیریان هەیە لە کێڵگەکەدا و دەڵێت، فرۆشی نەوت لە بازاڕی نێوخۆیی هەرچەندە داهاتی کەمترە بۆ کۆمپانیاکە بەراورد بەو کاتانەی کە لەڕێگەی بۆڕییەوە نەوت دەفرۆشرا، بەڵام هێندە داهاتیان بۆ دەستەبەردەکات کە بتوانن خەرجییەکان دابین بکەن و وەبەرهێنانی زیاتریش لە کێڵگەکانیاندا بکەن.
بەپێی کۆمپانیاکە، نرخی تێکڕای نەوت لە بازاڕی ناوخۆدا لە چارەکی دووەمی ئەمساڵ، تەنیا 31.7 دۆلار بووە بۆ ھەر بەرمیلێک بەراورد بە 66.7 دۆلاری نرخی نەوتی برێنت.
گۆڤاری MEES ئاماژە بەوە دەکات کۆمپانیاکەی دیکە، گەڵف کیستن، هاوکات پلانی ھەیە توانای دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان تاوەکو ساڵی 2027 بەبڕی 16,000 بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات. چاوەڕوان دەکرێت ئەم نوێکردنەوەیە 4,000 تاوەکو 8,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکە زیاد بکات و پارێزگاریی باشتریش لە یەدەگی نەوتی ژێر کێڵگەکە بکات.
بەپێی MEES، گەورەترین ئاستەنگ ھێشتا بە داخراوەیی مانەوەی بۆریی هەناردەکردنەوەی نەوتە کە لە مانگی 3ـی ساڵی 2023ـوە وەستاوە. ھەرچەندە بەغدا و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە مانگی 7 دا لەسەر چوارچێوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتن، بەڵام کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت هێشتا مەرجەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
کۆمپانیاکان داوای رێککەوتنی سێقۆڵی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. ئەوان داوا دەکەن گەرەنتییان پێبدرێت لە پێدانی مافە داراییەکانیان، ئەو کاتەی کە هەناردەکردنەوەی نەوت دەستیپێکرد.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیاکان نیگەرانن لەسەر هەڵوێستی بەغدا سەبارەت بە یاساییبوونی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی کۆمپانیای ( دی ئێن ئۆ) لەو بارەیەوە دەڵێت، لە هەر بارودۆخێکدا و لە هەر رێککەوتنێکی نوێدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوی نەوت، دەبێت دان بە یاساییبوونی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنرێت.
|