شاسوار عەبدولواحید بە پێنج مانگ زیندانی کردن سزادرا
22 کاتژمێر پێش ئێستا
41 جار خوێنراوەتەوە
دانیشتنی سێیەمی دادگاییکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، بەڕێوەچوو و دادوەر بڕیاری دا بە پێنج مانگ زیندانی کردن سزای بدات.
سزادانی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ بە پێنج مانگ زیندانی لەکاتێکدایە، پێشتر بەبێ ئامادەبوونی خۆی بە شەش مانگ بەندکردن حوکمدرابوو، ئەمڕۆ بۆی کەمکرایەوە بۆ پێنج مانگ.
سزاکە لەسەر سکاڵای شادی نەوزادە، کە پێشتر پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ بووە و دواتر وازی لەو حیزبە هێناوە.
شاسوار عەبدولواحید، رۆژی 12ـی ئابی 2025 کاتژمێر10ـی شەو، بە بڕیاری دادوەر دەستگیر کرا، بۆ یەکەم جار 21ـی ئاب برایە بەردەم دادوەر.
بەگوێرەی دادگای سلێمانی ، جگە لەو سکاڵایەی ئەمڕۆ سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی پێ سزادراوە، چەند سکاڵایەکی دیکە لە دژی تۆمار کراوە، بەڵام ئێستا لە دادگە نەجووڵێندراون.
31ـی مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قەرزەکانی وەزارەتەکەیان لەسەر کۆمپانیای نالیا کە شاسوار عەبدولواحید خاوەنداریی دەکات گەیشتووەتە نزیکەی 92 ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی قەرزەکانەوە دەست دەگرن بەسەر 60 موڵکی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دا و دوای رێکارە یاساییەکان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا دەیانفرۆشن.
موڵکەکان ژمارەیان 60 دانەیە و پێکهاتووە لە پارچە زەوی، هۆتێل، کافتریا، کابینەی گەشتیاری.
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتی دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، بڕیارەکە "سیاسییە" و پەیوەندی بە بانگەوازی شاسوار عەبدولواحید هەبووە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندان.
د. مونا یاقوو، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ رۆژێک دوای دەستگیرکردنی لە زیندان سەردانی سەرۆکی جووڵانەوەی نوێی کرد و رایگەیاند شاسوار عەبدولواحید دووپاتیکردووەتەوە کە لەسەر "داوایەکی یاسایی" دەستگیر کراوە.
|