هەسەدە: پابەند نابین بە بڕیارەكانی دیالۆگی نیشتیمانی ئەگەر بەشداری نەكەین
2025-02-15
120 جار خوێنراوەتەوە
دوای ئەوەی پێكهێنانی لێژنەی ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سوریا راگەیەنرا كە هیچ كوردێكی تیدا بەشدار نییە، ساڵح موسلیم ئەندامی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات رایگەیاند، ئەو لیژنەیەی كە پێكهێنراوە نوێنەرایەتی یەك رەنگ دەكات و تەنها بۆ دڵخۆشكردنی هەندێك لایەنی دەرەكی پێكهێنراوە.
وتیشی، ئەگەر بێت و بە شێوەیەكی دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ كوردەكان نەكرێت ئەوە ئەوان پابەندی ئەنجام و بڕیاری هیچ كۆنفرانسێك نابن.
هاوكات، فەرهاد شامی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە ئاماژەی بەوەکرد، هەر كۆنفرانسێك لە سوریا كە هێزەكانی هەسەدە یان ئیدارەی خۆسەر بەدەر بكات، نیشتیمانی و یەكگرتوو نابێت و مەبەست لێی دووبارەكردنەوەی سیاسەتەكانی پێشوو و دوورخستنەوەی بەشێك پێكهاتەكانە لە سوریا.
ئەمە لەكاتێكدایە، سەرەڕای پێكهێنانی لیژنەیەكی حەوت كەسی بۆ ئامادەكاری بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی لەلایەن سەرۆكایەتی سوریا، تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسەكە دیارینەكراوە.
|