پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی دەکات
2025-02-15
56 جار خوێنراوەتەوە
پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتەکانی رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی بڵاوکردەوە. یەکێک لە بڕگەکانی دانیشتنەکەی رۆژی یەکشەممە، خوێندنەوەی یەکەمە بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی.
پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی بۆ رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە بڵاوکردەوە. لەو دوو رۆژەدا دەنگدان و خوێندنەوە بۆ 12 پڕۆژە و پێشنیازەیاسا دەکرێت.
بڕگەکانی دانیشتنی رۆژی یەکشەممە بریتیین لە: دەنگدان بە پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای هاوتاکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکانی عەرەبی و بیانی ژمارە 20ـی ساڵی 2020؛ دەنگدان بە بڕیاری راسپاردنی وەزارەتی پەروەردە بۆ کارکردنەوە بە سیستمی هەوڵدانەوە؛ راپۆرتی لیژنەی پەرلەمانیی کاتی بۆ چاودێریکردنی پاراستنی موڵکەکانی دەوڵەت؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێخۆشبوون لە هەڵگرتنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی و خزمەتگوزاری لەنێوان حکومەتی عێراق و قوبرس؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی یاسای موختارەکان.
لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەشدا دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای رەزامەندی عێراق لەسەر رێککەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی نیشتەجێکردن؛ خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای یەکێتیی نەخۆشخانە تایبەتەکانی عێراق؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی یاسای پاڵپشتی لە رێککەوتنی یەکێتیی ئابووری لەنێوان وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی؛ پڕۆژەیاسای بەشداربوونی کۆماری عێراق لە رێککەوتنی هەمواری یاسای رێککەوتننامەی پاراستنی مادی لە مادە ئەتۆمییەکان و خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستە نیشتمانییەکانی چاودێری ئەتۆمی، تیشکدانەوە، کیمیایی و بایۆلۆجی.
لەبارەی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی، دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند: "ئەو پڕۆژەیاسایە هەستیار و گرنگە، چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە سەرجەم پێکهاتە و نەتەوەکانی عێراق و پارێزگاکانەوە هەیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە."
دارا سێکانیانی دەڵێت: "لە زۆرینەی خولەکانی رابردووی پەرلەماندا ئەو پڕۆژەیاسایە خوێندنەوەی بۆکراوە، بەڵام تێنەپەڕێندراوە. لەم خولەشدا کە چەند مانگێک تەمەنی ماوە، ئاسان نییە بتوانرێت تێپەڕێندرێت، چونکە لە بنەمادا پێویستی بە رێککەوتنی فراوان و ستراتیژی لەنێوان سەرجەم حیزب و پێکهاتەکاندا هەیە".
ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "بوونی ئەو ئەنجوومەنە وەک پایەیەکی سەرەکی سیستمی فیدراڵی بۆ عێراق گرنگ و پێویستە، بەڵام رێککەوتن لەسەری کارێکی قورس و زەحمەتە و تاوەکو ئێستا هیچ خواستێکی ئەوتۆ بۆ ئەو کارە نییە."
لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە چەند مادەیەکدا باس لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی کراوە. بەگوێرەی ماددەی 48ـی دەستوور، دەسەڵاتی یاسادانانی فیدراڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدراڵی پێکدێت. لە مادەی 65ـیشدا باس لە چۆنیێتی پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە دەکات کە تێیدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی فیدراڵی لە نوێنەری هەرێمەکان، پارێزگا و حكومهتی فیدراڵی پێکدێت.
|