سوودانی: کار بۆ هەڵگرتنی سزاکانی ئەورووپا لەسەر هێڵی ئاسمانیی عێراقییە دەکەین

2025-02-15  61 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق و کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری وڵاتانی کەناری دەریای نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبوونەوە. نووسینگەی سوودانی دەڵێت، باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەورووپا لە سەرجەم بوارەکان و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لیژنەی لاوەکیی هەردوولا کرا.
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ دۆبرافکا سویکا، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری وڵاتانی کەناری دەریای نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، سوودانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە دۆبرافکا سویکا وەکو کۆمیسیاری یەکێتی ئەورووپا بۆ کاروباری وڵاتانی کەناری دەریای نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، جەختی لە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا کردەوە بۆ هاوکاریی هاوبەش و خواستی عێراق بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی هاوکاریی دوولایەنە لە ئەم ساڵدا.
 
سوودانی رایگەیاندووە، "حکومەتی عێراق رژدە لەسەر چارەسەر و هەڵگرتنی سزا ئەورووپییەکانی سەر هێڵی ئاسمانی عێراقییە؛ هەروەها باسی بەشداریکردنی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی لە کۆبوونەوەی تەکنیکی لەگەڵ تیمی سەلامەتی ئاسمانیی ئەورووپی کرد، بۆ جێبەجێکردنی رێنوێنییەکان و هەڵسەنگاندنی ئەو پێشکەوتنانەی عێراق لە جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی سەلامەتیدا ئەنجامی داون."
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سوودانی جەختی لە خواستی عێراق بۆ کردنەوەی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتانی ئەورووپا لە بەغدا کردووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق کار لەسەر کردنەوەی چەند نوێنەرایەتییەکی نوێ لە چەند شارێکی ئەورووپادا دەکات، ئەوەش جگە لە خواستی وڵاتانی ئەورووپا بۆ زیاترکردنی وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەورووپییەکان لە عێراق لە بوارەکانی ژینگە، وزە و کشتوکاڵ بە تەکنەلۆژیای نوێ.
 
لای خۆیەوە، دۆبرافکا سویکا ئاماژەی بە رژدی و خواستی ئەورووپا لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ عێراق کردووەتەوە، لەگەڵ پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا ئەورووپییەکان بۆ کارکردنیان لە عێراق لەو پڕۆژە ستراتیژی و وەبەرهێنانانەی کە وڵاتەکە لەم دواییانەدا رایگەیاندوون.
 
مانگی 12ی 2015 یه‌كێتیی ئه‌ورووپا هێڵی ئاسمانیی عێراقییەی‌ خستە لیستی ره‌شی فڕۆكه‌وانیی جیهانییەوە، ئەوەش به‌هۆی پابه‌ندنه‌بوونی به‌ مه‌رجه‌كانی سه‌لامه‌تیی فڕۆكه‌وانییەوە‌.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە