یەکێتی نیشتمانی چۆن پرۆژەی هەژماری منی پەسەند کرد؟
1 کاتژمێر پێش ئێستا
21 جار خوێنراوەتەوە
بە بڕیارێکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەژماری من گواسترایەوە سەر وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و چیتر لەسەر نوسینگەی سەرۆک وەزیران نامێنێت.
لە کۆبوونەوەی رۆژی ١٧ی نیسانی یەکێتی و پارتی، ڕێککەوتن کراوە لەسەر گواستنەوەی پرۆژەی هەژماری من لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم.
دوای تێپەڕینی سێ رۆژ بەسەر کۆبونەوەکە ، مەسرور بارزانی بڕیاریدا هەژماری من لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان بگوازرێتەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، گواستنەوەی پڕۆژەکە لەسەر داوای یەکێتی نیشتمانی بووە، ئەوەش دوای نیشاندانی رەزامەندی لەسەر جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە لە سنووری زۆنی سەوزدا.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، یەکێتی نیشتیمانی یەکێک لە دروشمەکانی حیزبەکەی رەتکردنەوەی هەژماری من بوو، تەنانەت سەرۆکی ئەو حیزبە بافڵ تاڵەبانی لە بانگەشەکانیدا پڕۆژەکەی بە هەژماری مەسرور بارزانی ناوزەند دەکرد بەڵام هەرزوو لە سەروبەندی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی پرۆژەکە لە سلێمانی کەوتوەتەوە کار.
هەژماری من پرۆژەی بە بانکی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
بەشێکی زۆری فەرمانبەران و مامۆستایان بە دیاریکراوی لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتی پرۆژەکە رەت دەکەنەوە و ئامادەنین بە دەمیەوە بچن لە بەرانبەریدا داوا دەکەن لە تەوتینی عێراق تۆمار بکرێن.
هەرچەندە یەکێتی نیشتمانی لە سەروبەندی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بانگەشەی ئەوەی کرد کە فۆڕمی تەوتینی بە سەر فەرمانبەراندا دابەش کردووە، هەر ئەوکات بەشێک لە پەرلەمانتاران و شارەزایانی بانکیی بڵاوبوونەوەی ئەو فۆڕمەیان وەک بانگەشەی هەڵبژاردن وەسفکرد و بێ بنەما ناویان برد.
رۆژی رابردووش بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی بە روونی پەسەند کردنی پڕۆژەکەی لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ میدیای حیزبەکەی ڕاگەیاند، باسی لەوەکرد پرۆژەی هەژماری من بۆ خزمەتی خەڵک بەکاردەهێنن لەکاتێکدا پێشتر پڕۆژەکەی رەت دەکردەوە.
ئەمە یەکەم بەڵێن نیە کە بەرپرسانی حیزبە دەستڕۆیشتوەکانی هەرێمی کوردستان لێی پاشگەز ببنەوە، بەڵکو بە درێژایی مێژووی حوکمڕانی ئەو دوو حیزبە بەردەوام پشتگوێ خستنی بەڵێنەکان لە دوای هەڵبژاردنەکان دووبارە بووەتەوە.
|