سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ بەغدا چارەنوسی سودانی چی لێ دەکات؟
2 کاتژمێر پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
شیعە وەلائییەکانی بەغدا توڕەییان بەرانبەر بە سودانی گەیشتوەتە لوتکە ئەوەش دوای سەردانە پێشتر رانەگەیەندراوەکەی بۆ قەتەر و دەرکەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع.
١٧ی مانگی داهاتوو لووتکەی عەرەبیی لە بەغدا بە بەشداری سەرۆکی وڵاتانی ناوچەکە بەڕێوەدەچێت، عێراق بە فەرمی بانگهێشتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتیی سوریای کردووە ئەوەش نیگەرانی توندی شیعە وەلائییەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.
چوارشەممەی رابردوو محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یەکەم رۆژی دیداری سلێمانی رایگەیاند بە فەرمی بانگهێشتنامەمان بۆ ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا ناردووە.
دوای ئەم لێداوانەی، سودانی بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە قەتەر و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوویەوە.
ئەوەش ئەوەندەی دیکە شیعە وەلائییەکانی لە سودانی توڕە و نیگەران کرد، بەو پێیەی دەسەڵاتی نوێی سوریا بە مەترسی جددی بۆ سەر پێگەی خۆیان دەزانن.
کاردانەوەکان لە ناو شیعەکاندا لەبارەی هاتنی ئەحمەد شەرع بۆ بەغدا رۆژ دوای رۆژ زیاتر پەرە دەسێنن، دەیانەوێت دۆسیەی دەستگیرکردنی بۆ رێگری کردن لە هاتنی بۆ بەغدا بەکاربهێنن.
پەرلەمانتار مستەفا جەبار سەند کە یەکێکە لە پەرلەمانتارە وەلائییەکان و ناو بە ناو دژ بە دۆسیەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیش دەهاتە دەنگ، دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوسراوێكی فەرمی ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كردووە، تیايدا پرسیاری ئەوەی كردووە، ئەحمەد شەرع، سەرۆك كۆماری سوریا، داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە يان نا، ئەنجومەنی باڵای داوەری عێراق لەوەڵامدا وتویەتی، بەڵێ ناوبراو داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە.
ئەو پەرلەمانتارە لە گرتەیەكی ڤیدیۆدا جەختیشكردەوە، بەمزوانە ئەو نوسراوەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەشێوەیەكی فەرمی بڵاودەکەنەوە.
جیا لەو قەیس خەزعەلی، ئەمینداری میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق، رایگەیاندووە، سەرۆكی سوریا داواكراوە لەلایەن دادگای عێراقەوە، بۆیە هاتنی بۆ بەغداد رەنگە لێكەوتەی خراپی هەبێت و لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیربكرێت.
تا ئێستا دیار نیە ئەحمەد شەرع بەشداری لە لووتکەی عەرەبیی لە بەغدا دەکات یان نا، بەڵام هەرچی بێت بە فەرمی بانگهێشتکردنی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لاوازبوونی پێگەی شێعە وەلائییەکان نیشان دەدات.
٧رۆژ - رێبوار حەمەلاو
|