نهێنییەکی گەورە لەبارەی داهاتووی ڤینیسیۆس ئاشکرابوو
2025-02-13
56 جار خوێنراوەتەوە
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان سوپرایزێکیان ئاشکرا کردووە سەبارەت بە دانوستاندنەکانی بەرپرسانی خولی سعودیە لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، بەمەبەستی رازیکردنی بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو لە خولی پیشەگەری رۆشن یاری بکات.
ڤینیسیۆس یەکێکە لەو یاریزانانەی کە بەرپرسانی لیژنەی وەرگرتنی یاریزانانی خولی سعودیە ئامانجیان ئەوەیە وەرزی داهاتوو بیبەنە ریزەکانی یەکێک لە یانەکانی خولی رۆشن لیگەوە، کە ناوەکەی پەیوەستە بە پۆشینی درێسی ئەهلی یان هیلال.
دیارترین یانە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ئەستێرەیەی ریال مەدرید، یانەی هیلالە کە هەوڵدەدات قەرەبووی رۆیشتنی نەیمار دا سیلڤای بەرازیلی بکاتەوە، کە بەهۆی پێکانە درێژخایەنەکانییەوە زۆر لەگەڵ هیلال دەرنەکەوت، یانەکە ئامانجی هێنانی یاریزانێکی ئاستبەرزی جیهانییە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بەشداری لە جامی جیهانی یانەکانی 2025 بکات، کە بەبەشداری 32 تیپ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
ئەو یاریزانە بەرازیلییە لە تەمەنی 24 ساڵیدا تواناکانی خۆی سەلماندووە و یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، بەڵام پەیوەندییەکەی لەگەڵ زۆر لە هاوڕێکانی لە یانەی ریال مەدرید بەناوبانگە بەهۆی تەقینەوەی بەردەوامی بەرامبەر بە یاریزانە رکابەرەکانی.
راپۆرتەکانی پێشووتر ئاماژەیان بەوە کردووە، ڤینیسیۆس رەتیکردۆتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید درێژ بکاتەوە، کە لە 30ـی حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت، سەرەڕای ئەوەی یانە شاهانەکە دەستەوارەیەکی فەرمی پێشکەش کرد بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، سعودیە بەجدوی پلانی هەیە بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر، هەروەها زیاتر لە یاریزانەکە نزیک دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەستێرە بەرازیلییەکە لە یەکەم رۆژی دانوستاندنەکانەوە، کە لە ساڵی 2023 دەستیپێکردووە، ئاگاداری هەموو جوڵەکان و هەموو ورد و درێشتێکی بووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.
مارکا جەختی لەوە کردەوە کە "ڤینیسیۆس پاڵەوانێکی راستەوخۆ بووە لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەمساڵدا، کە بەشێوەیەکی کەسی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە دانیشتووە بۆ ئەوەی گوێ لەو پڕۆژەیە بگرێت کە پێشکەشیان کردووە، و لە کەشێکی ئاسوودەدا گفتوگۆیەکی ئەرێنی بەڕێوەچووە و نزیکەی 15 خولەکی خایاندووە".
لەو گفتوگۆیەدا ئەستێرەی مێرێنگێ بۆ بەرپرسانی سعودی نیشانیداوە کە نەک تەنیا لایەنی دارایی، بەڵکو گرنگی بە لایەنی وەرزشی و کەسییش دەدات لەو دەستەوارەیەی پێشکەشی دەکەن.
لە راپۆرتەکەی مارکادا هاتووە "لەو یەکەم کۆبوونەوەیەدا، کەسانی گرنگ لە دەوروبەری هێرشبەرەکە و ناوەندکاران و کەسایەتییە دیارەکانی سعودیە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشدارییان کردووە، ئامانج لێی رازیکردنی ئەو یاریزانە بووە لە داهاتوویەکی ئومێدبەخش کە تەنیا پشت بەبڕە پارەیەکی زۆر نابەستێت و بەرپرسانی خولی رۆشن دەیانەوێت بیکەنە باڵیۆز بۆ مۆندیالی 2034 کە لە سعودیە بەڕێوەدەچێت.
لە راپۆرتەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە "لە دووەمین کۆبوونەوەی فەرمیدا، کە لە شوێنێکی نهێنی، لە پراگی پایتەختی چیک و دوور لە هەر سەرنجێکی میدیایی و لە ناوچەیەکی بێلایەن رێککەوتوون لەسەر بڕە پارەکانی تایبەت بە گرێبەست و مووچەکەی کراوە".
هەروەها دەڵێت "نوێنەرانی ڤینیسیۆس بەشێوەی کەسی لەگەڵ جێگری سەرۆکی خولی پیشەگەری سعودیە کۆبوونەتەوە".
رۆژنامەکە روونیشیکردووەتەوە "ئەو بڕە پارە زۆرەی کە خراوەتە سەر مێزەکەی ڤینی دەگاتە یەک ملیار یۆرۆ بۆ ڤینیسیۆس بۆ ماوەی 5 وەرز، واتە مووچەکەی دەگاتە 200 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر وەرزێک".
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە ساڵی 2018 لە یانەی فلامینگۆی بەرازیلییەوە پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا 294 یاری لەگەڵ یانە شاهانە لە خول و پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا ئەنجامداوە و 101 گۆڵی تۆمارکردووە، هاوکات 83 ئەسیستیشی هەیە.
|